نووسراوێکی کۆمیسیۆن دەڵێت، دانا ئەحمەد مەجید دەسەڵاتی وەکو رێکخەری گشتی گۆڕان نەماوە و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمانگەیەکی کۆمیسیۆن، ویلایەتی رێکخەری گشتیی گۆڕان لەلایەن دانا ئەحمەد مەجیدەوە کۆتایی هاتووە. کەسێکی نزیکیش لە 'رێکخەری گۆڕان' رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "تەنیا بۆچوونێکە."
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمانگەیەکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە بە ناونیشانی "دەربڕینی بۆچوون" ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کراوە، دەڵێن، "وادەی بریکارنامەی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری گشتی کۆتایی هاتووە."
نووسراوەکەدا، کە دەربڕینی بۆچوونە، لە وەڵامی داوای بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاراستەی گردی زەرگەتە کراوە و تێیدا هاتووە، "ماوەی رێکخەری گشتیی عومەر عەلی حوسێن (عومەری سەید عەلی) و دانا ئەحمەد مەجیدی بریکاری، کۆتایی هاتووە؛ ئەوەش دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی دیاریکرابوو بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی رێکخەری گشتیی پارتەکە و بریکارەکەی، بۆیە ئەو دەسەڵاتانەی دراونەتە بریکارەکە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە بە بەسەرچوو دادەنرێن بەهۆی کۆتاییهاتنی ویلایەتی رێکخەری گشتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی."
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی گردی زەرگەتە) ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "ئێمە پێشتریش گوتوومانە کە مانەوەی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەر نایاساییە، چونکە کاک عومەری سەید عەلی کاتێک بریکارنامەی بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە، خۆی وەکو رێکخەری گشتی نەماوە و پێش ئەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە."
نزار مەحموود گوتیشی، "پشتیوانیی ئەو نووسراوە دەکەین و پێمانوایە بڕیارێکی دروستە و دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەر نییە. پێشتریش بە رێکخەرمان نەزانیوە؛ نووسراوەکەش لەسەر ئەو بنەمایە کراوە، عومەر سەید عەلی خۆی کاتەکەی وەکو رێکخەر کۆتایی هاتووە، کەواتە بریکارەکەشی کۆتایی هاتووە."
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە فەرمی وەڵامی نووسراوەکەی نەداوەتەوە، کە پەسەندی دەکات و دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەر ناناسێت، یان رەتیدەکاتەوە و مۆڵەتێکی دیکە بۆ کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەکات.
هەر ئەمڕۆ هەینی بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی گەڕەکی کوردسات) کە نزیکە لە دانا ئەحمەد مەجید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە تەنیا دەربڕینی بۆچوونەوە و بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و کاری پێ ناکرێت".
پێشهاتەکان دوای ئەوە دێن، پاش ماوەیەک ناکۆکیی لەنێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان و بەستنی کۆنفرانس بەجیا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دانی بەهیچیان نەنا. دواجار کۆمیسیۆن بۆ کۆنفرانسێکی یەکلاکەرەوە رۆژی 26-12-2025ی وەکو دوایین کات بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکرد، لەو کاتەشدا کۆنفرانس نەکرا.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێ نەدرا.
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لەشاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە، بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."