لە کەلار لافاو چووەتە نێو دەیان ماڵ و شوێن؛ زیانی مادی هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

بارانی بەخوڕی شەوی رابردوو کە لافاوێکی بەهێزی دروستکرد لە کەلار، زیانی مادی لێکەوتووەتەوە و ئاو چووەتە نێو دەیان ماڵ. ژمارەیەک ئاژەڵیش خنکاون. 
 
بەشێک لە خەڵکی لە ترسی لافاو، ماڵەکانیان چۆڵکردووە. بەشێک لەو ماڵانەی ئاویان تێچووە، لە گەڕەکی کەلاری نوێن. لە گەڕەکی کەلاری کۆنیش، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 50 ماڵ. 
 
ژنێک کە لافاو چووەتە نێو ماڵەکەیەوە و زیانی بە کەلوپەلی نێو ماڵەکەی گەیاندووە بە رووداوی گوت: "ماڵەکەم چۆڵ نەکرد، بەڵام تاوەکو بەیانی بەپێوە بووین و نەخەوتووین."

 

 
وەکو ئەو ژنە باسی کرد، ئاو بە بەرزیی نزیکەی نیو مەتر لەنێو ماڵەکەیان بووە. 
 
بارەگای لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان، یەکێکی دیکەیە لەو شوێنانەی زیانی پێگەیشتووە و دیواری بیناکە رووخاوە. هاوکات ئۆتۆمبێلێک لەنێو بارەگاکە کەوتبووە ژێر ئاوەوە. 
 
مەڵبەندی بابەگوڕگوڕ لە کەلاری نوێ کە مەڵبەندێکی تەندروستیی 24 کاژێرییە، ئاو بە بەرزیی یەک مەتر چووەتە نێوی و بەشێک لە دیواری مەڵبەندەکەی رووخاندووە. 
 
 
پاسەوانێکی مەڵبەندە تەندروستییەکە بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی گوت: "لەبەر ئەوەی کارەبا نییە، تاوەکو ئێستا بەتەواوی نازانین چەندێک زیانی هەبووە، بەڵام دەرمانەکان کەمێک شوێنەکەیان بەرزترە و لەوە دەچێت کەمتر زیانیان پێگەیشتبێت."
 
دکتۆر نیها محەممەد، بەڕێوەبەری مەڵبەندەکە کە لەگەڵ بەشێک لە کارمەندەکانی چووەتەوە بۆ پاککردنەوەی مەڵبەندەکەیان، گوتی، هەوڵ دەدەن تاوەکو یەکشەممە دەوام تێیدا ئاسایی ببێتەوە. لەبارەی زیانەکانیش گوتی، "زیانی هەبووە."
 
مەڵبەندەکە لە 2015ـەش جارێکی دیکە لافاوی تێچووە. هۆکاری دروستبوونی لافاو لەو ناوچەیە، بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە ئەوە بوو، پێشتر بەردەمی مەڵبەندەکە چەم بووە، بەڵام پڕکراوەتەوە. 
 
پیاوێکی بەتەمەن لە گەڕەکی کەلاری نوێ کە لافاو ماڵەکەی و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانی داپۆشیبوو بە دڵی پڕەوە گوتی، بەشێک لە ئاژەڵ و کارەکانی لەنێو لافاودا خنکاون. 

 

لەپاڵ مەڵبەندە تەندروستییەکەشدا، قوتابخانەیەک هەیە. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئاو چووەتە نێو قوتابخانەکەش.
 
بەشێک لەو کەسانەی ئاو چووەتە نێو ماڵەکانیان، خاوەنی پڕۆژەیەک تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەکاتی دروستکردنی پڕۆژەکەدا رێڕەوی ئاوی گۆڕیوە بۆسەر ئەو ماڵانە لە گەڕەکی کەلاری نوێ.
 
لە گەڕەکی کەلاری کۆنیش، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 53 ماڵ. نزیکەی 120 پوورەنگیش زیانیان بەرکەوتووە و زیاتر لە 10 سەر ئاژەڵیش بەهۆی لافاوەکەوە خنکاون.