پۆلیس: لە سەیدسادق کچێکمان رزگارکرد باوکی لە هەورەبان رایگرتبوو
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، لە قەزای سەیدسادق کچێکیان رزگارکردووە کە تەمەنی 26 ساڵە و ناتوانێ لەسەر قاچەکانی بڕوات و باوکی لە هەورەبان رایگرتبوو. بەرپرسێکی ئەمنی دەڵێ: "کچەکە دایکی لەگەڵ ناژی و باوەژنی هەیە".
پۆلسی سلێمانی لەگەڵ راگەیێندراوەکەدا شوێنی بەندکردنی کچەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی دیمەنەکە، شوێنەکە شیاوی ژیان نییە و وەک پۆلیسیش ئاماژەی پێکردووە، "شوێنەکە زۆر پیسە و راگرتنی لەوێدا دوورە لە بەها مرۆڤایەتییەکان".
رائید ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کچەکە تەندروستی باشە، رزگارکراوە و دراوە بە کەسێکی نزیکی خۆی تاوەکو کەیسەکەی یەکلا دەبێتەوە".
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، زانیارییان پێدراوە کچێکی 26 ساڵ و خاوەن پێداویستیی تایبەت کە نەیتوانی لەسەر قاچەکانی بڕوات، لە هەورەبانی ماڵێکدا دەستبەسەرکراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کچەکەیان رزگارکردووە و باوکیان دەستگیرکردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت: "کچەکە شەوی رابردوو رزگارکراوە، دایکی لەگەڵدا ناژی. باوکی ژیانی هاوژینی پێکهێناوەتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا پۆلیس دەڵێت: "ئەو کچە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و لە شوێنێکدا کە هیچ پێوەرێکی ژیانکردنی تێدا نییە و زۆر پیس و پۆخڵ بووە راگیراوە؛ بەم وەرزی زستانە هیچ ئامێرێكی خۆ گەرمکردنەوەشی تێدا نەبووە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، کچەکە "لە ژێر چاودێری وردی پۆلیس و بە بڕیاری دادوەر به بەڵێننامەیەک دراوەتە دەست خزمێكی تاوەکو کاتی یەکلاییبوونەوەی کەیسەکە".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانمان لە سەیدسادق کچەکەیان رزگارکرد و باوکی به ناوی (س، غ، أ) لهدایكبووی 1977 دەستگیر کرا".
پۆلیسی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی (7) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە تووندوتیژی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".