ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، هاوکاریی هاوپەیمانان و ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەرەوپێشچوونی باش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە.
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە هەولێر لەبارەی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان قسەی بۆ هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە بڕیاری پێکهێنانی 11 فیرقەی پیادە و دوو فەرماندەیی دەڤەری بۆ یەکەی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دراوە.
بەختیار محەممەد ئاماژەی بە دروستکردنی فەرماندەیی دەڤەرەکان بۆ یەکەکانی 70 و 80 کرد و رایگەیاند: ''پێشڕەویی باش هەیە. هیوادارین تاوەکو 01-03-2026 ئەم لێکتێگەیشتنانە بگەنە ئەنجام. رێککەوتنێکی باش لەنێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت، وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 هەیە.''
ئەمریکا و هاوپەیمانان مانگانە بڕە پارەیەک وەک هاوکاری بۆ لیوا پیادەکانی وەزارەتی پیشمەرگە دەنێرێت. ئەمینداری گشتیی وەزارەتەکە لەبارەی بەردەوامبوونی هاوکارییەکە گوتی: ''تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێ، ئینجا دواتر دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بڕیاری ئەمریکا و هاوپەیمانان سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن دەبێ.''