پارێزگاری دهۆک: لە مانگی رەمەزاندا چاودێریی بازاڕ چڕ دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەکان راسپێردراون لە مانگی رەمەزاندا چاودێریی بازاڕ بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، رێکاری تووند بەرامبەر ئەو شوێن یان کەسانە دەگیرێتەبەر کە هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-02-2026، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بۆ ئامادەکاریی مانگی رەمەزان و دیاریکردنی رێنوێنییەکانی کۆنترۆڵکردنی نرخ و کواڵیتیی کەلوپەلی خواردن لە بازاڕدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، عەلی تەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان راسپێردران بە بەردەوامی کۆنترۆڵی بازاڕ بکەن، بۆ ئەوەی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا نرخی کەلوپەل دابەزێت، نەوەک ئەوەی کە بەرزببێتەوە.''
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بە تووندکردنی چاودێرییەکانی سەر بازاڕ کرد و گوتی، ''ئەگەر بزانین کەسێک یان دووکانێک پابەندی رێنماییەکان نابێ و هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رێکاری یاساییی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.''
بەگوتەی عەلی تەتەر، لە مانگی رەمەزاندا هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کەسانی کەمدەرامەت و هەژاریش دەدرێت، ''ئامادەین بۆ ئەو مەبەستە، لیستی خەڵکی هەژار و شایستەی هاوکاری بخەینە بەردەم خێرخوازان، کارگە و کۆمپانیاکان.''
ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا دووکانداران گلەیی لە ''تێکچوونی بازاڕ''یان دەکەن، بەهۆی هەبوونی دەستفرۆشێکی زۆر لە بەردەم مزگەوت، پارک و شوێنە گشتییەکان. پارێزگاری دهۆک لەوبارەوە دەڵێت، ''ئەم ساڵ هەندێک شوێنی گونجاو بۆ دەستفرۆشان دیاری دەکرێ، بۆ ئەوەی ئەوانیش داهاتێکیان هەبێ و نەبنە هۆکاری زیانگەیاندنیش بە دووکانداران.''
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی سبەی لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانەوە لیژنە لاوەکییەکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و لیژنەی باڵاش لە وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبێت."
پار 28ی شوبات کە 29ی مانگی شەعبان بوو لە هەرێمی کوردستان چاودێری بینینی مانگ کرا و 1ـی ئادار کرایە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.