وەزارەتی پەروەردە: لە رەمەزاندا کاتی وانەکان کەم دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ مانگی رەمەزان هەموو وانەیەک پێنج خولەک لە کاتی خۆی کەم دەکرێتەوە.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە بەهۆی مانگی رەمەزانەوە دەرکراوە، لە یەکەم رۆژەوە جێبەجێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی رەمەزان".
نووسراوەکە ژمارە 4314 و رێککەوتی ئەمڕۆ 16ـی شوباتی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، زاخۆ، راپەڕین و خوێندنی کەرکووک کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "تایبەت بە مانگی رەمەزانی پیرۆز، سەبارەت بە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە خوێندنی حکومی و ناحکومی (جگە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان) کاتی بەشەوانە کەمبکرێتەوە بۆ 35 خولەک".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێشەممە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان، مانگ بینرا ئەوە چوارشەممە دەبێتە یەکەم رۆژی ئەو مانگە و نەبیرا پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت".