شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کۆبانی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ زانینی دۆخی مرۆیی لە کۆبانی، شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شارەکەیان کرد. بەرپرسێکی کانتۆنی فورات دەڵێت، لەگەڵ شاندەکەدا دۆخی ئاوارەکانیان تاوتوێ کردووە.
 
فەرهاد حاجی عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی فورات، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی مرۆیی سەردانی کۆبانیی کرد."
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی فورات ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ شاندەکەدا دۆخی ئابووری، تەندروستی، ئاو، وزە و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانیان لە کۆبانی تاوتوێ کردووە.
 
شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەی مەیدانیی زانیارییان لەبارەی ئەو ئاوارانە وەرگرتووە کە لە کۆبانی جێگیر بوون و لە شوێنی مانەوە و پێداویستییەکانیان کۆڵیوەتەوە.
 
فەرهاد حاجی عیسا گوتی، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەری دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەوک دەستەکانی تەندروستی، ئاو، وزە و ئاوارەکان بەشدارییان کردووە.
 
ئەندامانی شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووە و بە بەرپرسانی خۆجێی کۆبانییان گوتووە، لەمەودوا پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵیاندا دەبێ بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی مرۆیی هاونیشتمانییانی ئەو شارە.
 
شاندەکە بە بەپرسانی کۆبانییان گوتووە، هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شارەکە و دابینکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکان.
 
سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق 29ـی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کرا و شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی بەردەوامە و هاونیشتمانییان داوای کردنەوەی رێگەکان و هاوکاریی خێرا بە شارەکە دەکەن.