پلاتفۆرمی ئامەد: کەمبوونەوەی دەرمان لە کۆبانێ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی پاراستنی شار و هاودەنگیی ئامەد رایگەیاند، دوای تێپەڕاندنی چەندین ئاستەنگ و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئافاد، توانیویانە 25 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی بگەیێننە کۆبانێ.
پلاتفۆرمی پاراستنی شار و هاودەنگیی ئامەد لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو کەمپەینەی لە 28ی کانوونی دووەمی 2026 دەستیپێکردبوو، سەرەنجام توانیویەتی 25 بارهەڵگر هاوکاری بگەیێنێتە دەستی خەڵکی شایستە لە کۆبانێ.
پلاتفۆرمەکە کە لەلایەن دەم پارتی، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەک لە سەرمایەداران پێکهێنراوە، رایگەیاندووە سەرەتا لەلایەن پارێزگاوە رێگری لە کاروانەکە کراوە بچنە ناوچەی پرسووس و ئاراستەی رێگەی "کلیس-چۆبانبەگ" کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، رێککەوتن کراوە کە هاوکارییەکان بە هاوئاهەنگیی ئافاد (AFAD) و بە یاوەریی شاندێکی دوو کەسیی پلاتفۆرمەکە بگوازرێنەوە؛ سەرەنجام رۆژی 10-02-2026 بارهەڵگرەکان لە رێگەی دەروازەی سنووریی چۆبانبەگەوە پەڕینەوە و هەر هەمان رۆژ گەیشتنە کۆبانێ.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی گواستنەوەدا هەندێک یەکەی سەر بە "حکومەتی کاتیی سووریا" هەوڵی جۆراوجۆری گەمارۆ و رێگرییان داوە، بەڵام کێشەکان بە هاوئاهەنگیی ئافاد چارەسەر کراون. پلاتفۆرمەکە جەخت دەکاتەوە: "نابێت هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دەستپێشخەریی گرووپە خۆجێیەکان جێبهێڵدرێن."
شاندی پلاتفۆرمەکە کە سەردانی کۆبانێیان کردووە، هۆشداری دەدەن لە دۆخی مرۆیی شارەکە و دەڵێن: "کەمبوونەوەی کەلوپەلی پزیشکی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەتایبەت بۆ منداڵان و تووشبووانی شێرپەنجە."
پلاتفۆرمی پاراستنی شار و هاودەنگیی ئامەد داوا دەکات بۆ وەڵامدانەوەی خێرای قەیرانی مرۆیی، دەروازەی سنووریی "مورشیدپنار" دەستبەجێ بەڕووی هاتووچۆی مرۆییدا بکرێتەوە.