ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختە دوای رووبەڕووبوونەوە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەندامێکی باندێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختەیان دەستگیرکردووە کە 40 هەزار دۆلاری ساختەی پێبووە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 16-02-2026 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریی ورد، زانیویانە ئەندامێکی باندێکی ساخکردنەوەی دراوی ساختە بە مەبەستی ساخکردنەوەی بڕی 40 هەزار دۆلاری ئەمریکی هاتووەتە شاری سلێمانی.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە ئامادە نەبووە خۆی رادەست بکات و رووبەڕووی هێزەکانمان بووەتەوە، بەڵام دواجار بە برینداری دەستگیرکرا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا."
لەبارەی باری یاسایی تۆمەتبارەکەوە، ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا بەپێی مادەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.