بازرگانیکردن بە فرمێسکی هەژاران؛ ژنێک خاوەن کەناڵێک بە خواردنی پارەی هاوکارییەکانی تۆمەتبار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ژنێک بە بەمەبەستی هاوکاریکردنی، مانگی رەمەزانی رابردوو لە کەناڵێکی نێوخۆیی دەرکەوتووە، خاوەنی کەناڵەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی بەشێک لەو کۆمەکە داراییانەی بردووە کە بۆی هاتوون. خاوەنی کەناڵەکەش دەڵێت: "ئەگەر بەڵگەیان هەبێت سەرم لە موو باریکترە".
خێزانەکە دەڵێن، هەرچەندە دەستی خێریان پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا بە سەر و سیمای ماڵە کرێکەیانەوە هەژاری دەبارێت. ئەوان باس لەوە دەکەن، بۆ رزگاربوون لە دەستکورتی و ژیانێکی تێرتر، رازی بوون هەندێک شتی "ناڕاستیش" لە بەرنامەکە دا بڵێن، بەڵام خاوەن کەناڵەکە بووەتە "شەریکەبەش" لەو پارەیەی بۆیان هاتووە.
ژنەکە باس لە قسەکانی خاوەنی کەناڵەکە دەکات و دەڵێت، "گوتی لە بەرنامەکە بڵێ ساڵێک دەبێت گۆشتمان نەکڕیوە، منیش قسەکانم کرد و خەڵک زۆر هات گوتی هەتا ئەگەر خۆراکیشت بۆ هات دەبێت بیدەیە من، دوایی گوتی نا من ئەوەندەم ناوێ زیاترم دەوێ، خۆی لێم توڕەکرد، زۆر کەس هاتن پارەیان بۆم هێنا ئەو لەلای خۆیشی پارەی وەردەگرت، 3 ملیۆنی لێمان خوارد هەتا داوای شتی خراپیشی دەکرد".
پیاوێک کە شایەتحاڵی رووداوی نێوان خێزانەکە و خاوەن کەناڵەکەیە، قسەکانی ژنەکە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: "لە سەرەتا ئەو بەرنامەیە کرا، پارەکە وەرگیراو داوای پارەکەی لێکرا لەوەی ئاگاداربووم، داوای دەکرد رێژەی هەبێت، سەرەتا داوای نیوەی دەکرد دواتر داوای رێژەی دەکرد، بازرگانی بەو جۆرە خەڵکە دەکرێت."
خاوەنی کەناڵەکە لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا رەتیکردەوە پارەی لەو خێزانە وەرگرتبێت و گوتی: "ئەم شتانە روودەدات، بەخودای ئەم شتە نەبووە بەس خەڵک هەیە یارمەتی نادرێت بوختانت بۆ دەکات بەڵگەشییان نییە، ئەگەر بەڵگەی هەیە بەسەرچاو، ئەگەر یەک بەڵگەیان هەبێ سەرم لە موو باریکترە."
وەزارەتی رۆشنبیری لە دۆسیەکە ئاگادار کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەدەن، تاوەکو ئێستا پێنج کەناڵی نێوخۆیی لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر هەژاران تووشی داخستنی کاتی بوونەتەوە.
نیان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رایگەیاند: "ئێمە ناتوانین کەیسەکە بجوڵێنین دەبێت ئەوەی خەڵکەکە خۆی بیجوڵێنێت ئەو کاتە، ئێمە زۆرجار هاتووە بۆ خۆمان و ئێمەش رەوانەی دادگەمان کردووە، دەبێت لە دادگەوە بکرێت، چونکە ئێمە وەک وەزارەتی رۆشنبیری کاری دادگەیی و پۆلیسی و ئاسایشمان نییە و ناتوانین ئەوە بکەین. راستە مۆڵەت دان و راگرتنی شتەکان لەسەر ئێمەیە."
خێزانەکە دەڵێن لە ترسی گەورەبوونی کێشەکە، نەیانوێراوە سکاڵا تۆمار بکەن.