یەکێتیی زانایان: لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێ


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان چاودێریی بینینی مانگ دەکرێ.
 
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی سبەی لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانەوە لیژنە لاوەکییەکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و لیژنەی باڵاش لە وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبێت".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتی: "سبەی دڵنیا دەبینەوە چوارشەممە تەواوکەری مانگی شەعبان دەبێت یان دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز".
 
شێرکاوەیی گوتی: "هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی مانگی رەمەزان پشت بەخۆی و لیژنەکانی دەبەستێ نەوەک هیچ وڵات و لایەنێکی دیکە، بەڵام بێگومان چاودێریی وڵاتانی ناوچەکە و عێراقیش دەکات لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا".
 
ساڵی رابردوو 28ـی شوبات کە 29ـی مانگی شەعبان بوو لە هەرێمی کوردستان چاودێری بینینی مانگ کرا و 1ـی ئادار کرایە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.