عومرەکارێکی کورد لە شاری مەدینە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە لە وڵاتی سعودیە بوو، لە شاری مەدینە گیانی لەدەستداوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاونیشتمانییەکە بە مردنێکی ئاسایی گیانی لەدەستداوە و هیچ رووداوێکی نەخوازراو نەبووە".
ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 79 ساڵ و ناوی محەممەد قادر حەمەد و خەڵکی قەزای بازیان بووە لە پارێزگای سلێمانی.
محەممەد قادر، هاوژین، کوڕ و دوو کچی لەگەڵدا بووە. کاروان ستوونی گوتی: "ئەمڕۆ هەر لە شاری مەدینە دوای رێکارە یاساییەکان بەخاک دەسپێردرێت".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە، ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ سێ هاونیشتمانیی عومرەکار لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.