دوو ونبووەکەی هەڵەبجە کەسوکاری خۆیان ناسییەوە
رووداو - هەولێر
وەك بڕیاربوو لەیادی بیست و هەشەمین ساڵرۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە رۆژی چوارشەممە 16-3-2016 ناوی دوو وونبووی هەڵەبجە ئاشكرا كرا .
لەناو ئاپۆرای خەڵكێكی زۆردا د.فەرهاد بابان ئەو پزیشكەی دۆزینەوەی چارەنووسی منداڵە ونبوەكانی هەڵەبجەی پێی سپێردراوە، بە دەنگێكی خەمگین لەساڵرۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا چاوەڕوانی 28ساڵەی دوو خێزانی هەڵەبجەیی كۆتاییهێنا كاتێك گوتی: "بارزان، ناوی ئالان و ئەعزەم یش ناوی چیا یە". ئیتر بەجارێك دەنگی گریانو هاوار لەناو ئاپۆڕی ئامادەبوواندا بیسترا.
بارزان كە ناوە راستەقینەكەی (ئالان تۆفیق حەمە عەلی) یە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەژی، وەك خۆی پێشتر بۆ (رووداو) قسەی كردووە، ماوەی حەوت ساڵە زانیویێتی كە منداڵی ئەو خانەوادە نییە كە لەناویاندا دەژی و ماوەی سێ ساڵیشە زانیویێتی كە خەڵكی هەڵەبجەیە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی رووداو كەسوكاری نزیكی لە ژیاندا نەماون و تەنیا مام و پوور و ئامۆزاكانی ماون.
هەر چەندە د.فەرهاد بابان ویستی لەزاری خۆیەوە ناسنامەكەی ئاشكرا بكات، بەڵام لەبەر گریان نەیتوانی دواجار د. فەرهاد گوتی "تۆ ناوت ئالان تۆفیق حەمە عەلیە و كاتێك ونبووی تەمەنت یەك ساڵ بووە بەپێی ئەو پشكنیانانەی كردوومانە رێژی نزیكیت لە پورتەوە وەك ئامۆزاكەت 99.46".
عزەم مووساییان كەناوی راستەیەكەی (چیا تەیب عەلی) ئەو كەسەیە كە لە ساڵرۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا ناسنامەكەی ئاشكرا بوو. ئەو گەنجە ئێستا هاوسەرگیری كردووە و منداڵێكیشی هەیە، پێش ئاشكراكردنی ناسنامەكەشی بۆ رووداو قسەی كردبوو گوتبووی، "تەنیا خودا دەزانێت دوای ئاشكراكردنی ناسنامەكەم چی روودەدات".
بەپێی بەدواداچوونەكانی (رووداو) چیا تەنیا خوشكێكی لە هەڵەبجە ماوە ئەویش ناوی چرۆیە.
بەهەمان شێوەی بارزان، د.فرهاد بابان، ئەعزەمیشی بانگی سەر ئەو سەكۆیەكرد كە بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئامادە كرابوو، بەڵام ئەویش بە چەشنی بارزان لەبەر گریان نەیتوانی ناوە راستەقینەكەی خۆی بەتەواوەتی ئاشكرا بكات تەنیا بە دەنگێكی نزم گوتی "چیا" هەر بۆیە د.فرهاد رووی تێكردو لەبەردەم كامێراكانی راگەیاندنو ئاپۆڕای خەڵكەكەدا بە دەنگێكی بڵند گوتی "ئەعزەم تۆ ناوی راستەقینەت چیا تەیب عەلی یە".
بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاو كرانەتەوە 75% قوربانییەكانی هەڵەبجە ژن و منداڵ بوون.
لەدوای كیمیابارانكردنی هەڵەبجە 114 منداڵی هەڵەبجەیی ونبوون، 11 منداڵ تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە، هێشتا 72 خێزان بۆ سۆراخی منداڵە ونبوەكانیان لە چاوەڕوانیدان.