چیرۆکی ژیان کامەران هەڵەبجەیی: نە دەزانم کێم، نە دەزانم کەسوکارم کێن
رووداو دیجیتاڵ
حەوت ساڵە بەدوای کەسوکاریدا دەگەڕێ، بەڵام تائێستاش بەتەنیا لە چاوەڕوانیدا دەژی. ژیان کامەران، نموونەی یەکێک لەو منداڵانەیە کە لە رۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە 16-3-1988 ونبوون.
ژیان کامەران هەڵەبجەیی دەڵێت، "ئێستا حەوت ساڵە لە کوردستان بەتەنیا دەژیم، هیچ کەسم لێ دیارنییە، نە دەزانم کێم، نە دەزانم کەسوکارم کێن، ناوێکی خەیاڵی لەسەر منە. راستە ناوی ژیان بۆ من زۆر گەورەیە، چونکە جەنابی کاک نێچیرڤان [بارزانی] لەسەر داوای خۆم ئەو ناوەی بۆ دانام. ئیدی کەسی دیکە نایات هاوناز و مەریەم و ناوەکانی دیکەم بەسەردا بسەپێنێت و پێناسەکەم لێبسێنێت."
لە رۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، دەیان هەزار خەڵکی سڤیل ئاوارەبوون، زۆربەیان پەنایان بۆ ئێران برد.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی 119 منداڵ دیارنییە، 76 خێزان ناوی منداڵە ونبووەکانیان تۆمارکردووە و بەڵگەی پێویستیان رادەست کردووە بۆ دۆزینەوەیان. لە دوای رووداوەکەوە 8 ونبوو دۆزراونەتەوە کە حەوت لەوانە بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە و یەکێکیان تاوەکو ئێستا دۆسییەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەڵێت، "ئەگەر بەپێی تەمەنیش بێت، ئەو وارسانە بەهۆی تەمەنیان بەشێکیان کۆچی دوایی دەکەن. دواتر ئەگەر منداڵێکیش بگەڕێتەوە، تۆ لەگەڵ کێدا بەراوردی دەکەیت؟ ئەگەر بانکێک هەبێت ئەم زانیارییانە کۆبکاتەوە و لای خۆی بیانپارێزێت، هەرکاتێک منداڵێک بانگەشەی هەڵەبجەییبوونی خۆی دەکات، لەگەڵ ئەو ئامار و سامپڵانە بەراورد بکرێت، ئەوکاتە زۆر ئاسان دەبێت، ئەگەر منداڵی هەڵەبجە بێت، دەتواندرێت رابگەیێندرێت، ئەگەر نا، ناکرێت خێزانەکان بخرێنە بارودۆخێکی دەروونییەوە و دواتریش دۆسیەکە بەوشێوەیە نەبێت."
لەم کاتەدا دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە لە دادگە داخراوە، ئەگەر ونبوویەک ئێستا بگەڕێتەوە، دەبێ ئاشکرای بکات کە منداڵی چ دایکوباوکێکە.
ئێستا پێنج کەس کە وەک خۆیان دەڵێن، ونبووی هەڵەبجەن، چاوەڕێی دۆزینەوەی ماڵباتەکانیان دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ کەسێک نییە بەراوردی بکەن بە پشکنینەکەی، دۆسییەکەیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.