سەرۆک بارزانی: هەر حیزبێک بەربەست بۆ هەڵبژاردن دروستبکات، خۆی گۆشەگیر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی رایدەگەیێنێت، "هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نییە." هەروەها هیوای خۆی بە هەبوونی "کەشێکی ئەرێنی" لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە دەردەبڕێت.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی مۆنیتەری ئەمریکی، ئاماژەی بەوە کردووە، "من ناڵێم بڕیاری بودجەکە 100% بە دڵی ئێمەیە، بەڵام بڕوام وایە هەنگاوێکی ئەرێنییە."
 
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی باسی لە رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیریی چین، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، نزیکبوونەوەی سووریا و وڵاتانی عەرەبی و دۆخی کورد لە عێراق و ناوچەکە کردووە.
 
"کەشی ئەرێنی"ی گفتوگۆکانی بودجە دەکرێت رێگە بۆ گفتوگۆی نەوت خۆشبکات
 
رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 تاوەکو 2025ی پەسند کرد، کە ئێستا نێردراوەتە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
 
لە ساڵی 2021ـەوە، عێراق بەبێ یاسای بودجەیە و لە ساڵی رابردووەوە بە یاسای ئاسایشی خۆراکی فریاگوزاری خۆی بەڕێوەدەبات. بەگوێرەی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان 12.6% دەبێت.
 
لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، "ئەم پرسە لە رابردوودا بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهێندراوە. من ناڵێم بڕیاری بودجە 100% بە دڵی ئێمەیە، بەڵام بڕوام وایە هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو پێشەوە."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەشڵێت، "لە ساڵی 2007ـەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بووە یاسایەک لە پەرلەمان ئامادە بکرێت. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا تائێستا پشتیان لەوە کردووە و نەگەیشتوونەتە ئەنجامێک؛ بەڵام ئەو کەشە ئەرێنییەی ئێستا هەیە، بە بڕوای من دەکرێت ببێتە رێگەخۆشکەرێک بۆ دروستبوونی یاسای نەوت و پرسە یاساییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە."
 
"هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە"
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەشڵێت، "هەڵبژاردن پێویستە. پێویستە بکرێن، هیچ بژارەیەکی دیکە نییە، ئەگەرنا، دامەزراوە حکومییەکان رەوایەتیی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەگەر هەر پارتێکی سیاسی بیەوێت بەربەست بۆ هەڵبژاردنەکان دروستبکات، ئەوا خۆیان گۆشەگیر دەکەن. هەڵبژاردن هەر دەکرێت."
 
رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە لە دیدگەی سەرۆک بارزانییەوە
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە کارە لەپێشینەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕابن، لە کاتێکدا کە چین و ئۆکراینا لە ریزی سەرەوەی ئەجێندای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادان، بەڵام دەشڵێت، "ئەوە بە واتای ئەوە نایەت ئەمریکا شتەکان لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کەم ببینێت."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی هاوکات دەشڵێت، "ناتوانین دۆخی ئێستا بە دۆخی پێشوو بەراورد بکەین، بەڵام ئەمریکا هێشتاش بە گرنگییەوە لە ناوچەکە دەڕوانێت."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیشی لە رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیریی چین کردووە و دەڵێت، "بە شێوەیەکی سرووشتی، ئێمە دەمانەوێت ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە نەمێنن. ئێران و سعودیە دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن."
 
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رەنگە هێشتا زوو بێت بۆ ئەوەی بڕیار بدەین یان شتی زۆری لەسەر بڵێین، بەڵام لانیکەم هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، پێشوازیی لێ دەکرێت."
 
لەبارەی رۆڵی چین لە ناوچەکەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی بە پێگەی مۆنیتەری گوتووە، "ئەوان بە هێمنی کاریان کردووە بۆ پڕکردنەوەی هەندێک بۆشایی. هیوادارین رێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە ئاماژەیەک بێت بەوەی کە ئێران لە زمانی تۆقاندن و هەڕەشە دووردەکەوێتەوە و بەرەو زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەڕوات، بۆئەوەی رای ئەوانی دیکە قبووڵ بکات و ناکۆکییەکان لە رێگەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە چارەسەر بکات."
 
هێرشەکانی ئێران
 
لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی، ئەو هێرشانە "بە تەواوی ناڕەوان و تۆمەتەکانیشیان بێ بنەما بوون."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی پێیوایە، "هەندێک لە دامەزراوەکانی ئێران، بۆئەوەی شکستی خۆیان لە نێوخۆی وڵاتەکەیان پەردەپۆش بکەن، هەوڵیاندەدا پاساوێکی دەرەکی بدۆزنەوە." جەختیش لەوە دەکاتەوە، "ئێران وڵاتێکی دراوسێیە، لای خۆمانەوە هیچ گرژییەکمان لەگەڵیدا نییە، دەمانەوێت هێندەی بکرێت پەیوەندیی ئاساییمان لەگەڵیدا هەبن."
 
هەر لەبارەی کێشەکانی ئێرانەوە، سەرۆک بارزانی ئەوەشی گوت، "ئێمە بەشێک نین لە کێشمەکێش یان یەکلاکردنەوەی ململانێی [دەرەکی] لەگەڵ ئێران. ئێمە ناتوانین رێگە بدەین خاکەکەمان ببێتە پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دراوسێکانمان."
 
ململانێی سووریا
 
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە هەنگاوەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ نزیکبوونەوە لە سووریا دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە ساڵی 2011وە، سووریا دۆخێکی ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی کوشتن، ئاوارەبوون، پەنابەرەکان و وێرانکاری؛ بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە لە داهاتوودا چی روودەدات. کێ دەبێتە جێگرەوە؟ هیچ وەڵامێکی روون نییە، هیچ سیاسەتێکی روونیش نییە بۆ ئایندەی سووریا."
 
بە نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە دیمەشق، بارزانی پێیوایە، "دەکرێت جۆرێک لە سەقامگیری بۆ وڵاتەکە بەدوای خۆیدا بێنێت و لانیکەم کۆتایی بە تووندوتیژی بهێنێت تاوەکو ئاستێک دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە."
 
پێویستە وڵاتان دان بە ماف و ناسنامەی کورددا بنێن
 
بارزانی لەبارەی دۆخی کورد لە ناوچەکەدا گوتی، "کورد یەک نەتەوەن،" هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "بەردەوام چەوساندنەوە و نادادپەروەری لە دژی کورد کراوە، کە بووەتە هۆی کوشتوبڕ، جەنگ و ململانێ؛ بەڵام کورد توانییان بمێننەوە. پێویستە حکومەتە چەوسێنەرەوەکان پەند وەرگرن کە هیچ ستەم و تووندوتیژی، هیچ چارەسەرێک بەدەستەوە نادەن. بەڵکو رێگە راستەکە واقعیبوون، دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەش و بەکارهێنانی ئامرازی ئاشتییانەیە."
 
لە بارەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، "هەموو ناوچەیەکی کوردی تایبەتمەندی، پێگە و دۆخی خۆی لە نێو ئەو وڵاتانەدا هەیە کە تێیدا دەژین. بۆیە ناتوانین بڵێین کە ئەو شێوازەی لە عێراق هەیە، دەکرێت ببێتە نموونەیەک یان نەخشەڕێ بۆ کوردانی سووریا، تورکیا و ئێران. پێویستە چارەسەرەکان لەنێو ئەو وڵاتانەدا بدۆزرێنەوە."
 
بارزانی هەروەها باسی لەوەش کردووە، "پێویستە هەموو وڵاتان خۆیان لە بەکارهێنانی سیاسەتی چەوساندنەوە، سەرکوتکردن و نکۆڵیکردن بەدووربگرن، هەروەها پێویستە بزاڤ و کۆمەڵە کوردییەکانیش تووندوتیژی بەکارنەهێنن. پێویستە زەمینەی هاوبەش بۆ دانوستاندن هەبێت بۆئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، تاوەکو کوردی ئەو وڵاتانە بتوانن سوود لە مافە دیموکراسی و ناسنامەیان وەربگرن."