شارەزایەکی سەربازی: هێلیکۆپتەرە تێکشاوەکەی سنووری دهۆک ئێرانی یان عێراقییە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پیشەسازیی سەربازیی عێراق لەبارەی هێلیکۆپتەرەکەی شەوی رابردوو کە لە قەزای ئامێدی کەوتە خوارەوە دەڵێت، "تورکی نییە و هی هاوپەیمانانیش نییە، بەڵکو ئێرانی یان عێراقییە." گوتیشی، رەنگە هەندێک لە هێزەکانی وەکو حەشدی شەعبی، هەندێک جووڵە و هاتووچۆ بکەن بەبێ ئەوەی عێراق ئاگادار بێت.
رۆژی پێنجشەممە 16-03-2023 لیوای مافپەروەر ئەحمەد ئامێدی، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پیشەسازیی سەربازیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بە ناسر عەلی گوت، هێلیکۆپتەرەکە هی تورکیا و هاوپەیمانان نییە، ئەوان خوێندنەوە بۆ کەشوهەوا دەکەن و هیچ کات لەم کەشوهەوایەدا نافڕن، "ئەوە یان هی ئێرانە یان عێراق، واتە لەنێوان حەشدی شەعبی و عێراقدایە."
شەوی رابردوو 15-03-2023 کاژێر 21:20 هێلیکۆپتەرێک لە نزیک گوندی بێرکیاتی لە سنووری چەمانکێ لە قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە. چەند هاونیشتمانییەک هەر ئەوکات ڤیدیۆیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد، کە تێیدا دەردەکەوێت ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە کە بەپێی زانیارییەکان 7 کەس گیانیان لەدەستداوە.
تائێستا روون نییە ئەم هێلیکۆپتەرە سەر بە چی لایەنێکە. دژە تیرۆرى کوردستان، لە لاپەڕەی فەیسبووکدا بڵاویکردووەتەوە "لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان پەیوەندییان بە حکومەتى عێراق و هاوپەیمانان و حکومەتی تورکیاوە کردووە لەبارەى کەوتنەخوارەوەى هێلیکوپتەرەکە، بەڵام لە وەڵامدا رایانگەیاندووە کە هێلیکۆپتەرەکە هى ئەوان نییە."
ئەحمەد ئامێدی گوتیشی، "جۆری هێلیکۆپتەرەکە AS350یە و لە چەمانکێ لەنێوان دهۆک و رۆژهەڵاتی ئامێدی کەوتووەتە خوارەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، "دەزانین کە پەکەکە لەم دەڤەرەیە، بەڵام تائێستاش دیار نییە هێلیکۆپتەرەکە سەر بە چ لایەنێکە."