پارێزەرێک: 8 ساڵە پڕۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کیمیاباران لە پەرلەمانی کوردستانە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی هەڵەبجە دەڵێت، لە 2015ـەوە پڕۆژەیاسایەک دراوە بە پەرلەمانی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەکردووە.
 
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری راوێژکار و ئەندامی تیمی پارێزەرانی هەڵەبجە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، کۆمپانیای (ئێم ئێم لۆ)ـی ئەمریکی پڕۆژەیاسایەکی گەڵاڵە کردبوو بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی چەکی کیمیایی و لە 17-09-2019 رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەکردووە و پشتگوێیخستووە.
 
بە گوتەی ئەیاد کاکەیی، بۆئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە چەکی کیمیاییان بە دەسەڵاتی بەعس فرۆشتووە ناچار بکرێن قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەو چەکە قەدەخەکراوە بکەنەوە، پێویستە بە پشتبەستن بە یاسایەک لە دادگەکانی جیهان سکاڵا بکرێت، هەرێمی کوردستان یاسایەکی وای نییە و پەرلەمانی کوردستان کەمتەرخەم بووە لەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکات و بیکاتە یاسا تاوەکو زیانلێکەوتووانی چەکی کیمیایی قەرەبوو بکرێنەوە.
 
نەبوونی یاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، 13-03-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێکارە فیدراڵییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد، کە هەوڵەکانی لە ساڵی 2013ـەوە، بە رادەستکردنی رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ حکومەتی عێراق، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبوو.