پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان لە سلێمانی کۆنگرە دەبەستێت
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، کە حیزبێکی نوێی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کۆنگرەی یەکەمی دەبەستێت. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، کامیل حاجی عەلی بە رابەری گشتی هەڵدەبژێرن.
کۆنگرەکە کاژێر 11:00ی بەیانی ئەمڕۆ 16ی ئادار بە بەشداری زیاتر لە 1200 ئەندام لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد و هەر ئەمڕۆ کۆتایی دێت.
محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆنگرەکە لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەبەسترێت و ئەمڕۆ رابەری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن.
پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان لەلایەن کامیل حاجی عەلی، یەکێک لە بەرپرسەکانی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. محەممەد بازیانی گوتی، "ئەمڕۆ کامیل حاجی عەلی بە کۆی دەنگ وەکو رابەری گشتی هەڵدەبژێرین."
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان زۆرینەیان پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کاریان کردووە و لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکەدا جیابوونەوە.
03ـی ئۆکتۆبەری 2023 کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو؛ عیرفان عەبدولعەزیز بە فەرمی بە رابەر هەڵبژێردرایەوە و کامیل حاجی عەلی و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دیکەی حیزبەکە کۆنگرەکەیان بایکۆت کرد و دواتر رایانگەیاند، لەژێر ناوی حیزبێکی نوێدا بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی" کار دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ـی حوزەیران بکرێت، ئەمە سێیەم حیزبە دروست دەکرێت، دوانەکەی دیکە "بەرەی گەل" بە سەرۆکایەتیی لاهوور شێخ جەنگی و "هەڵوێستی نیشتمانی"یە.
هەروەها جگە لە ئەم حیزبە نوێ ئیسلامییە، بڕیارە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزوووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە جیا بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.