دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو: ئەم ساڵ ئاهەنگەکانی نەورۆز دوای بەربانگ بەڕێوەدەچن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم ساڵ نەورۆز کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بەڵام ئەو جەژنە وەکو ساڵانی رابردوو بە کردنەوەی ئاگر، بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ و ئاهەنگ لە زۆرینەی شارەکان پیرۆز دەکرێت.
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ ئاهەنگ و فێستیڤاڵ لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ بەڕێوەدەچێت و لە هەموو شارەکانیش ئاگر دەکرێتەوە.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دروستبوونی کەرتی گەشتیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، یەکەم جارە نەورۆز دەکەوێتە نێو مانگی رەمەزانەوە؛ بۆیە بۆ ئەوان وەکو ئەزموونی دەبێت و چالاکییەکانیش دەخەنە دوای بەربانگ.
 
لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، بڕیارە فێستیڤاڵی خۆراک و بەرهەمە خۆماڵییەکان لە هەولێر بکرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، لە سلێمانیش "چالاکیی هاوشێوە" دەکرێت و لە دهۆک و زاخۆش چالاکیی کولتووری و ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت.
 
لەو شارانە و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، دوای بەربانگ ئاهەنگی جۆراوجۆر لە هۆڵ و هۆتێلەکان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێن.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانیان لیژنەیان پێکهێناوە بۆ چاودێریکردنی بنکە گەشتیارییەکان و پاراستنی سرووشت و ژینگەی سەیرانگەکان.
 
بەشێکی چالاکییەکانی نەورۆزی ئەم ساڵ لەلایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە بەڕێوەدەبرێن. ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، ئەو چالاکییانەشی ئەوان بەڕێوەیان نەبەن هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەکەن و تێیاندا بەشدار دەبن.
 
نەورۆزی ئاکرێ لە هەرێمی کوردستان تایبەتە
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، لە قەزای ئاکرێ ساڵانە گەشتیارێکی "زۆر" سەردانی قەزاکە دەکەن بۆ ئامادەبوون لە کەرنەڤاڵی نەورۆز و رێوەڕەسمەکانی ئەم ساڵیش بە فەرمی لە دوای بەربانگەوە دەستپێدەکەن و جگە لە خەڵکی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیشەوە کۆمپانیا گەشتیارییەکان گەشتیار ببەنە ئاکرێ و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئاکرێ لە شوێنەکانی دیکە سەرنجی زیاتری لەسەرە، بەهۆی ئەو رێوڕەسمەی تێیدا دەکرێت و ئەو هەڵکەوتەیەی قەزاکە هەیەتی. ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان لە نەورۆزی شارەکەدا کرد.
 
کاوە زوهێر، ئەندامی راگەیاندنی کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون؛ چاوەڕوانیش دەکەین زیاتر لە پار، گەشتیار لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئاکرێ بەشداری بکەن."
 
لە ئاکرێ چالاکییەکانی نەورۆز لە 19ـی ئادارەوە دەستپێدەکەن و لەو شوێنانەی ئامادەکاری کراوە، پێشانگەی شێوەکاری و نمایشی فیلم بەڕێوەدەبرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاری وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمار کراون.
 
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی 2022، 6 ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس و ساڵی 2021 چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون بەم شێوەیەن:
 
- هۆتێل 468
- موتێل 267
- کۆمەڵگەی گەشتیاری 33
-گوندی گەشتیاری 20
- توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە 63 هەزار و 682
-چێشتخانە - رێستۆرانت 524
- کافتریا 657
- کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری 518