شوبات نزیکەی 15 ملیۆن کەس لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەشتیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی شوباتی 2024ی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، نزیکەی 15 ملیۆن كه‌س لێیانەوە گەشتیان کردووە.
 
لە مانگی شوباتدا، فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان خزمەتگوزاری پێشکێشی 14 ملیۆن و 748 ھەزار و 115 کەس کردووە؛ هەروەها 154 هەزار و 308 فڕۆکە گەشتیان لەو فڕۆکەخانانەوە کردووە و 324 هەزار و 780 تۆن باری کارگۆیشی هەبووە. 
 
بەمەش، لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، 29 ملیۆن و 505 هەزار و 779 کەس لە رێگەی 309 هەزار و 529 فڕۆکەوە گەشتی ئاسمانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامداوە و 662 هەزار و 353 تۆن کەلوپەلیش بە کارگۆ لەم فڕۆکەخانانەوە گواستراونەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە 2023دا 214 ملیۆن و 232 هەزار و 985 کەس لە رێگەی 2 ملیۆن و 167 هەزار و 19 فڕۆکەوە لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەشتیان کردووە. هەروەها 4 ملیۆن و 211 هەزار و 919 تۆن کەلوپەل لەو فڕۆکەخانانەوە بە فڕۆکەی کارگۆ گوێزراوەتەوە. 
 
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن، کە 18یان لە باکووری کوردستاندایە. هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.