باڵیۆزی ژاپۆن لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە: دەبێت هەموومان ئەم رۆژەمان لەبیر بێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هاوخەمیی خۆی بۆ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەربڕی و بە بۆردوومانی هێرۆشیما و ناگاساکی چواند و گوتی، "دەبێت هەموومان ئەم رۆژەمان لەبیر بێت. ئەم رووداوە بۆ ئەوەیە پابەندبوونی هاوبەشی خۆمان نوێ بکەینەوە."
 
رۆژی شەممە، 16-03-2024، فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر تایبەتە، چونکە لە 16-03-1988 لە وڵاتەکەتان کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە روویدا. دەبێت هەموومان ئەم رۆژەمان لەبیر بێت."
 
رۆژی 16ی ئاداری 1988 دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە و بەو هۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار کەس شەهید بوون و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. هاونیشتمانییە بریندارەکان بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر بەشێکیان ماوە.
 
ماتسومۆتۆ مەرگەساتی هەڵەبجەی بە بۆردوومانکردنی هەردوو شاری هیرۆشیما و ناگاساکی چواند و گوتی، "هەروەک چۆن ئێمە لە ژاپۆن یادی ئەو رۆژە دەکەینەوە کە بە چەکی ئەتۆمی بۆردوومانی شارەکانی هیرۆشیما و ناگاساکی کرا، دەبێت ئەم رۆژەیشمان لەبیر بێت". 
 
لە رۆژەکانی 6 و 9ـی ئابی 1945 لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانییدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە چەکی ئەتۆمی هێرشی کردە سەر شارەکانی هیرۆشیما و ناگاساکی لە ژاپۆن کە بووە هۆی ئەوەی ژاپۆن خۆی رادەستبکات و بەو جۆرەش جەنگەکە کۆتایی بێت. بەردانەوەی بۆمبی ئەتۆمی بە سەر دوو شارەکەدا بووە هۆی کوژرانی 105 بۆ 120 هەزار کەس.
 
باڵیۆزە ژاپۆنییەکە لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەدا گوتی، "ئەمە تەنیا خەمناکییەک نییە بۆ 5000  قوربانی کە لەو رۆژەدا گیانیان لەدەستدا، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پابەندبوونی هاوبەشی خۆمان نوێ بکەینەوە بۆ ئەوەی رێگە نەدەین جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە."
 
تاوەکو ئەمڕۆ هەڵەبجە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پارێزگایە. هەرچەندە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسند کرا، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەسندی نەکردووە.
 
بڕیاربوو 14-09-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بوون بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە و تاوەکو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.