هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئەو ناوچانەی کوردیان تێدا دەژین، کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی دەڵێت، ئەو ناوچانەی کوردیان تێدا دەژین، کوردستانی پێ دەگوترێت، نەوەک تیرۆریستان.
ئێوارەی رۆژی 15ـی ئاداری 2024، تولای هاتیمئۆغوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە رێوڕەسمی تایبەت بە جەژنی نەورۆزدا بەشداریکرد کە لە شارۆچکەی دەپ لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان رێکخرابوو.
تولای هاتیمئۆغوللاری لە گوتارێکیدا باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی کرد بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و رایگەیاند، ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا رێککەوتنێکی ئەمنی واژۆکردووە و ئامانجیش لەو ئۆپەراسیۆنەدا "کورد"ە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باشووری کوردستان، نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر دەکات و داوایکرد، بەگرتنەبەری رێگەی ئاشتی و دیموکراسییانە هەوڵ بدرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت.
سەرەتای ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کرد و گوتی، "ئامادەکاری دەکەین و ئەو ئامادەکارییانەش دەبنەهۆی دروستکردنی نیگەرانی لای ئەوانەی کە پێیان وایە دەتوانن بە هەبوونی 'تیرۆریستان'ێک لەسەر سنوورەکانی باشووری تورکیا، ئەنقەرە لاواز بکەن".