لە گەرمیان گەنجێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە گوندێکی سنووری گەرمیان کوژرا. کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان گوتووە، بکوژ ئامۆزای کوژراوەکەیە.
رووداوەکە دوێنێ هەینی لە گوندی شێخ لەنگەر روویداوە. ئەمڕۆ شەممە عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەسوکارەکەی دەڵێن کوڕەکەیان لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆی بەشەڕ هاتووە و تەقەی لێکراوە و کوژراوە".
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی چۆمان ئەحمەد عەلییە و تەمەنی 22 ساڵە. پۆلیسی گەرمیان تۆمەتباری رووداوەکەی دەستگیرکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دۆسییەکە کردووەتەوە.
ئەم ساڵ پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماری رووداوەکانی کوشتنی بڵاونەکردەوە. بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی پێشووتریان، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن تۆمارکراون.