لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنە دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی تیکاب - بیجاری سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ بریندار و دوو گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە.
 
عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکە دەڵێت، هۆکاری رووداوەکە تیژڕۆیی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان و لادان بۆ سایدی بەرامبەر بووە.
 
رووداوەکە رۆژی هەینی، 15ی ئاداری 2024 لە دووریی 35 کیلۆمەتر لە گوندی خۆش مەقام روویداوە و ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری پیژۆ بوون.
 
عیسا گەوهەری دەڵێت، زۆربەی رووداوەکان بەهۆی لادان بۆ سایدی بەرامبەر روودەدەن و ئەو دوو کەسەش گیانیان لەدەستداوە سەرنشینی ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار بوون.
 
گوندی خۆش مەقام لە ناوچەی سیاهـ مەنسووری سەر بە شاری بیجاری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 500 کەسە.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانلەدەستدەدەن.
 
رۆژی 23-12-2023 بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە گوتی، "لە 9 مانگی رابردوودا 231 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە پار بە رێژەی 7% کەمتر بووە."