لە 11 مانگدا 43 کرێکار لە کرماشان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان دەڵێت، لە نەورۆزەوە تاوەکو 20ـی شوباتی 2025، لانیکەم 682 کرێکار بەهۆی رووداوەکانی کارەوە برینداربوون و 43ـیان گیانیان لەدەستداوە.
بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 20ـی شوباتی 2025، 682 کرێکار لەکاتی کارکردندا لە پارێزگاکە برینداربوون کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی پێشتر، ژمارەکە زیادیکردووە.
بەگوتەی بێهتاش خانی ئاباد، لەو 43 کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە، ئەوە لەکاتێکدایە لە هەمان کاتی ساڵی پێشتردا 38 کرێکار لە سنووری پارێزگاکە بەهۆی رووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەستدابوو.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی کرماشان، 27 کرێکار بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و باڵەخانە گیانیان لەدەستداوە، 8 کرێکار کەلوپەلی قورس بەر جەستە یان سەریان کەوتووە، 6 کەس بەهۆی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە و 2 کرێکاریش سووتاون.