لەگەڵ رەنج؛ خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە؟
رووداو دیجیتاڵ
خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ بووەتە هۆی ئەوەی دەرچووانی بەشە پیشەییەکان بەهۆی خوێندنەکەیان کاریان دەست بکەوێت لە قۆناخەکانی ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکان؟ ئەوە پرسیاری سەرەکیی بەرنامەکە بوو، وەڵامی سەرجەم میوانەکانی ئەم بەرنامەیە بەشێوەیەکی گشتی نەخێر بوو.
بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە میوانی بەرنامەکەیە لە پێناو بووژانەوەی پیشە لە هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات دەزگایەکی تایبەت بە پیشە لە کوردستاندا هەبێت و دەڵێت: "بە بوونی ئەو دەزگایە زۆر شت دەگۆڕێت".
بەبڕوای ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە، ساڵانی حەفتا بۆ نێوەڕاستی هەشتاکان سەردەمی زێڕینی خوێندنی پیشەیی بووە لە کوردستاندا. ئەو گوتیشی: "هەرچەندە لە کابینەی پێنجی حکومەت ئاوڕێک لە خوێندنی پیشەیی دراوەیەوە کۆنفرانسێکیش بۆ بەسترا، بەڵام شتێکی وەها نەگۆڕاوە لە 2021یشدا پڕۆژەی ستراتیژی خوێندنی پیشەیی لە رێگای وەزارەتی پەروەردە درایە ئەنجوومەنی وەزیرانە ئەوانیش وەڵامیان نەبووە".
خاوەنی کارگەیەکی کەرتی تایبەت، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوێکی تایبەتە بە ئیش و کار، میوانێکی دیکەی بەرنامەکەیە ئەو بۆچوونی وایە بەمەرجی ئەوەی کارامییان هەبێت، دەتوانن لە کەرتی تایبەت بەرێژەی 100% هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە پیشەییەکان بڕەخسێنن.
مامۆستایەکی زانکۆی بەشداربووی بەرنامەکەش ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی بێکارە لەنێو گەنجان سەروو25%. ئەو دەشڵێت: "رەخساندنی هەلی کار یەکێکە لە سوودەکانی خوێندنی پیشەیی، بەڵام چالاک بوونی خوێندنی پیشەیی سوودی دیکەشی هەیە". لەبەرنامەکەدا باس لە سوودەکانی دیکەی دەکات.
ئەو مامۆستای زانکۆیە بەپێویستی دەزانێ پڕۆگرامەکانی خوێندنی پیشەیی نوێ بکرێنەوە، چونکە پڕۆگرامەکان هی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانن.
قوتابییەکی پەیمانگاش باس لەوە دەکات ئەگەر هەلی کار نەبێت، ئەو هەموو پەیمانگا پیشەییە لە هەرێمی کوردستاندا پێویست نییە. ئەو قوتابیە دەڵێت: "لە جیاتی کردنەوەی پەیمانگای پیشەیی پێویستە سەرمایەداران کارگە بکەنەوە". دواجار بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە هیوای خواست کابینەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تەواو بە خوێندنی پیشەیی بدات.
سەردەمی زێڕینی خوێندنی پیشەیی
"ساڵانی حەفتا بۆ نێوەڕاستی هەشتاکان سەردەمی زێڕینی خوێندنی پیشەیی بووە". ئەحمەد گەل، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە بەو جۆرە دەستی بە قسەکانی کرد لەم بەرنامەیەدا، بەبۆچوونی ئەحمەد گەل، لە دوای ساڵانی نەوەتەکان خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەگشتی پاشەکشەی کردوە، بەڵام خوێندنی پیشەیی بە ئاستێکی خراپتر ئەو دەڵێت: "لە ناوەڕاستی هەشتاکان تاوەکو نەوەتەکان هەنگاو بەهەنگاو خوێندنی پیشەیی پاشەکەشی کردووە".
ئەحمەد گەل ئەوەش رووندەکاتەوە پێشتر سیستەمی خوێندنی پیشەیی هەر نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر دەستی ئەو و بەشێک لە هاوکارەکانی لە وەزارەتی پەروەردە بە ماوەی ساڵێک دانراوە. ئەو گوتی: "لە یاسای وەزارەتی پەروەردەش گرنگی زۆرمان بە خوێندنی پیشەیی داوە". بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لە 41 ئامادەیی پیشەی نزیکەی نۆ هەزار قوتابی هەیە. ئەحمەد گەل دەشڵێت: "هەر وڵاتێک ئابوورییەکەی داڕووخابوو، بزانە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی نەداوە".
پلانێکی باش بۆ ژیانەوەی خوێندنی پیشەیی
بەبڕوای ئەحمەد گەل، خوێندنی پیشەیی ئێستا زۆر لاوازە و تەنیا ئەوەیە نەکەوتووە و دۆخەکەش بەپینەوپەڕۆکردن چارەسەر نابێت هەر بۆیە لە ساڵانی 2011 و2012و2013دا پلانێکی ستراتیژی بۆ پێشکەوتنی خوێندنی پیشەیی دانراوە ئەوەش پڕۆژەی کۆمەڵگای پیشەیی بووە کە خوێندکار لە کاتی خوێندنەکەی هەم دەخوێنێ و هەم کاریش دەکات.
هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە جگە لە پڕۆژەی کۆمەڵگای پیشەیی لە 2021دا پڕۆژەی ستراتیژی خوێندنی پیشەیی دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامی ئەوەش نەدراوەتەوە. ئەحمەد گەل دەڵێت: "ئەگەر کار بە پڕۆژەی کۆمەڵگای پیشەیی بکرایە ئەوا گەورەترین گۆڕانکاری لە خوێندنی پیشەیی دروست دەبوو بەجۆرێک لە ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵدا کێشەی خوێندنی پیشەیی نەدەما".
ئەحمەد گەل ئەوەش رووندەکاتەوە زیاتر لە دە ساڵە کار بۆ بووژانەوەی خوێندنی پیشەیی دەکەن، بەڵام دەنگیان بەباشی نەگەیشتووە، هەر بۆیە هیواخواست لە رێگای ئەم بەرنامەیەوە دەنگیان بە باشی بگات. ئەحمەد گەل ئەوەش رووندەکاتەوە کە پلانی کۆمەڵگای پیشەییان دانا 31 پسپۆڕی خوێندنی پیشەییان تێدا جێگیرکرد و هەموو ئەو پیشەیانەشیان بە بازاڕی کار بەستۆتەوە. ئەو گوتی: "ئەو کۆمەڵگا پیشەییانە جێگای 10هەزار قوتابی تێدا دەبووە، ساڵی دوومی خوێندن دەبووە بازاڕ قوتابی تێدا سوودمەندی دارایش دەبوو، بوونی شەڕی داعیش لە ساڵی 2014دا هۆکارێکی راوەستانی پڕۆژەکە بوو".
'وەک ئەڵمانیا و ئێران و سویسرای لێبکەن'
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئەحمەد گەل ئاماژە بەوەش دەکات ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆمەڵێک دەرچووی زۆر دەنێرێتە بازاڕێکی بێکارەوە.
کە ساڵانە نزیکەی 50 هەزار دەرچوویەک دەبێت، بەهۆی ئەوەی دامەزراندن لە کەرتی حکومی زیاتر لە 10 ساڵە وەستاوە، ژمارەی دەرچوونی زانکۆکە ئێستا بێکارن دەگاتە 600 بۆ 700 هەزار دەرچووی بێکار. ئەحمەد گەل دەڵێت: "ئەگەر کێشەی خوێندنی پیشەیی چارەسەر بوو کێشەی خوێندنی باڵاش چارەسەر دەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو هەموو قوتابییە ناچێتە زانکۆ لە خوێندنی پیشەیی دەخوێنێ و کاریشی دەست دەکەوێت، کورتەی قسەکە ئەوەیە هۆکاری زۆری دەرچووی بێکار پشتگوێ خستنی خوێندنی پیشەییە".
ئەحمەد گەل باس لەوەش دەکات ئەگەر خوێندنی پیشەیی وەک ئەڵمانیا و ئێران و سویسرا گرنگی پێبدرایە دۆخی هەرێمی کوردستان ئێستا جۆرێکی دیکە دەبوو. ئەو گوتی: "هەر ئێران کە وڵاتێکی دراوسێمانە خوێندنی پیشەیی 50% یە ئەگەر وەکو ئەوان کار لە خوێندنی پیشەیدا بکەین ئابوورییەکەمان زۆر پێشدەکەوێت".
لەجیاتی سێ ساڵی خوێندنی پیشەیی وەزارەتی پەروەردە پەنای بردووەتە بەر پێنج ساڵی خوێندنی پیشەیی لە پەیمانگادا. ئەحمەد گەل لەوبارەیەوە گوتی: "چەند پەیمانگایەکمان بە زمانی ئیگلیزی بۆ خوێندنی پیشەیی کردووەتەوە ئێستا قوتابی بۆ ماوەی پێنج ساڵ خوێندنی پیشەیی لە بەشەکانی بازارگانی، کۆمپیوتەر، گەشتیاری دەخوێنی".
ئەحمەد گەل جەخت لەوە دەکاتەوە چارەسەری خوێندنی پیشەیی بە گوتار و بەقسە ناکرێت. ئەو دەڵێت: "هەر بەرپرسێک دەبینی بەقسە پشتیوانی خوێندنی پیشەیی دەکات، بەڵام بە کردار هیچ ناکرێت هەر بەنموونە پڕۆژەی ستراتیژی خوێندنی پیشەیی لە 2021وە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە وەڵامان نەدراوەتەوە".
'ئەو هەموو بێکارە مەترسییە لەسەر ئەم وڵاتە'
ساڵانە دەرچوویەکی زۆری زانکۆ و پەیمانگاکان دەخرێتە بازاڕی کارەوە بەبێ ئەوە دەرفەتی کاریان بۆ دروست بکرێت وەک لە کەرتی حکومی دامەزاندن نییە. لە کەرتی تایبەتیش دەرفەتی کار زۆرنییە یاخود دەرچووەکان کارامییان لەئاستی داواکاری بازاڕدا نییە، ئەحمەد گەل ئەوە بە مەترسی ناو دەبات و دەڵێت: "ئەو هەمووە دەرچووە بێکارە مەترسییە لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە". ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردەی نیگەران کردووە ئەوەیە، داواکاری لەسەر کردنەوەی پەیمانگای پیشەیی زۆر نییە، لە کاتێکدا بۆ کردنەوەی پەیمانگای وەرزشی بەو جۆرە نییە و داواکاری زۆرە.
ئەحمەد گەل بەپێویستی دەزانێ گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندنی پیشەیی دروست بێت، چونکە کۆنیی پڕۆگرامەکان هۆکارێکە بۆ ئەوەی قوتابی زۆر فێر نەبێت. ئەو دەڵێت: "کەسێک کە لە دووکانێک شاگردە ئاستی فێربوونی بەرزترە لە خوێندکارێکی خوێندنی پیشەیی، هەر بۆیە لەنێو پڕۆژەی کۆمەڵگای پیشەییەکاندا گۆڕینی پڕۆگرامەکانیش هەبوو".
لەبارەی ئەوەی ئەوانەی دەچنە خوێندنی پیشەیی فێری زمان بەتایبەت فێری زمانی ئینگلیزی ناکرێن ئەحمەد گەل گوتی: "فێربوونی زمان بە راهێنان و بینینی خول دەبێت نەک بە تەنیا بە خوێندن، بۆیە دەبێت قوتابییەکە خۆشی هەوڵێک بدات".
بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای دەکات چارەسەرێکی کاتییان بۆ خوێندنی پیشەیی دۆزیوەتەوە. 41 ئامادەییە پیشەیەکەیان کردووەتە 10 کۆمەڵگای پیشەیی. ئەویش ئەوەیە کە ئامادەییە پیشەییەکان تێکەڵاو دەکەن. ئەو گوتی: "کشتوکاڵییەکان دەکەینە یەک و بازرگانی و پیشەسازییەکانیش بە هەمان شێوە".
ئەحمەد گەل دەخوازێ لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تەواو بە خوێندنی پیشەیی بدرێت، ئەوان حکومەتی عێراقیشیان لە یاد نەکردووە. بەهاوکاریی هەندێ رێکخراو بە راپۆرتێکی چارەسەرییان لەبارەی کێشەی خوێندنی پیشەیی داوەتە حکومەتی عێراق، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە لە کۆتایی قسەکانی ئەحمەد گەل ئاماژە بەوەش دەکات پێویستە دەزگایەکی تایبەت بە پیشە لە کوردستاندا هەبێت: "بە بوونی ئەو دەزگایە زۆر شت دەگۆڕێت".
رێژەی بێکاری لەنێو گەنجان سەروو 25%
"گەورەترین کێشەی ئەم وڵاتە بێکارەییە، بەتایبەت لەنێو گەنجان". زانیار جەبار، مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک یەکێک لە میوانەکانی بەرنامەکە ئەو قسەی کرد و جەختی لەوەش کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان خوێندنی پیشەیی شکستی هێناوە، بەتایبەت لەدابینکردنی توانای پێویست بۆ بازاڕی کار. ئەو دەڵێت: "لە کوردستان و عێراقیش رێژەی بێکاری لە نێو گەنجان سەروو 25%ـە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای غەززە رێژەی بێکاری لە کوردستان و عێراق زۆر بەرزە".
زانیار جەبار باس لەوەش دەکات نابێت حکومەت بەشێک بکاتەوە کە بزانێ خوێندکاری دەرچوو کاری دەست ناکەوێت. ئەو گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەرچووانی پیشەیی دەڵێت بڕۆنە کەرتی تایبەت، کەرتی تایبەتیش پێیان دەڵێت قوتابییەکان بۆ بازاڕی کار ئامادە نەکراون". ئەو مامۆستایەی زانکۆی پۆلیتەکنیک ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەڵمانیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەسکەنداناڤیش گرنگییەکی زۆریان بە خوێندنی پیشەیی داوە و سەرکەوتووش بوون.
گوتیشی: "لە ئەڵمانیا 400 هەزار کۆمپانیا رۆڵ دەبینن لە پێدانی زانیاری بە حکومەت لەسەر پێداویستییەکانی بازاڕی کار". سەبارەت بە رۆڵی زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانیش، بۆچوونی وابوو کە تاوەکو رادەیەک قوتابییەکانی نزیکن لە بازاڕی کارەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی داواکاری بازاڕدا نین.
زانیار جەبار، هێما بەوەش دەکات پڕۆگرامی خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان هی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانە بۆیە پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە: "پێویستە خێزانەکان واز لەوە بێنن کە رۆڵەکانیان تەنیا بڕوانامەیەکیان هەبێت، دەبێت لە خەمی ئەوەدابن بە خوێندنەکەیان پیشەیەکیان دەست بکەوێت".
گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی تەنیا ئەوە نییە هەلی کار بۆ دەرچوونی بڕەخسێنێ، بەڵکو سوودی دیکەشی زۆرە: "لەوانە هەمەچەشنکردنی ئابووری وڵات و گرنگیدانە بە کارسازییە جۆراوجۆرەکان، دەبێت ئەوەش روون بێت، گەشەی ئابووری لە رێگای گرنگی پێدان بە خوێندنی پیشەیی دروست دەبێت". لە کۆتایی قسەکانی زانیار جەبار جەختی کردوە لەوەی ئەو وڵاتانەی لە رووی ئابوورییەوە پێشکەوتوون، گرنگییەکی زۆریان بە خوێندنی پیشەیی داوە.
"دەتوانین 100% هەلی کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنین"
شوان باتاسی، سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی بەرنامەکە، ئەو کە رێکخراوەکەی 2500 ئەندامی هەیە، باسی لەوە کرد لە کەرتی تایبەت دەتوانن 100% هەلی کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنین، "بەمەرجێک کارامەییان هەبێت".
شوان باتاسی ئەوە ناشارێتەوە کە ئەوانەی لە خوێندنی پیشەییەوە دێنە بازاڕی کارەوە "بە دڵی ئێمە نین،" بەڵام بەبینینی خولێک لەلای ئەوان بەکەڵکی کار دێن. ئەو گوتیشی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەت ناچار بکات دەرچوونی پیشەیی لە شوێنەکانیان کار بکەن".
سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی ئەو رێکخراوەیە، هاوکات خاوەنی کارگەیەکی دۆشاوی تەماتەشە. هەر بۆیە لە بەشێکی بەرنامەکەدا وەک خاوەن کارگەیەک قسەی کرد و گوتی: "وەک کارگەی خۆمان بەرهەم بۆ دەرەوە دەنێرین چونکە لە نێوخۆدا بازاڕمان کەمە".
شوان باتاسی ئەوە ناشارێتەوە کە وەکو کارگەکان ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی دەرەکی بکەن چونکە پشتیوانییان کەمە. ئەو گوتیشی: "وڵاتانی چواردەوریشمان هۆکارن بۆ ئەوەی بەرهەمی نێوخۆمان کەم بێت و وەک پێویست نەبێت". کاتێک دێتە سەر باسی کارگەکەی خۆی شانازی بەوە دەکات پێنج بۆ شەش هەزار کەس راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریان بەهۆیەوە دەستکەوتووە ئەگەر گرنگی زیاتریشیان پێبدرێت و بەرهەمەکانیان لەلایەن لایەنێکی حکومی لێ بکڕدرێتەوە، ئەوا بەرهەمیان زیاتر دەبێت بەو جۆرەش خەڵکی زیاتر دەخەنە سەرکار.
سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی کوردستان گوتی: "بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو دەزانن ئەو خۆراکەی لە رێگای کۆبۆنەوە دابەش دەکرێت 90٪ی زۆر خراپە هەر بۆیە داوام کردووە دۆشاوی بەشە خۆراکی کوردستان هی کارگەکەی ئێمە بێت، بەڵام رازی نەبوون".
شوان باتاسی رەخنەی ئەوەشی لە بەشێک لە قوتابیان هەبوو کاتێک بۆ بینینی خولی هاوینە دەنێردرێنە کارگەیەک وەکو پێویست پابەندی خولەکە نابن بۆیە کەمترین شت فێردەبن. ئەو گوتی: "بەشێک لە قوتابیان خولی فێربوونی هاوینەش ناکەن خۆیان دەدزنەوە، بەڵام وەک کارگەکەی خۆم ئەوەم قبووڵ نەکردووە لەگەڵ ئەوەی کارم پێکردوون مووچەیەکی کەمیشم پێداون.
"پێش ئەوەی تووشبین ئەمریکا پێی گوتین"
سەرۆکی یەکێتیی خاوەنکارانی کوردستان باس لەوە دەکات 15 ساڵ پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی ئابووری ببێت، لە ئەمریکا بە ئەوانیان راگەیاندووە کە شتێکی وەها روودەدا.
شوان باتاسی ئاشکرای دەکات وەک رێکخراوەکەی خۆیان لە 2011دا چارەسەری کێشە ئابوورییەکانیان بە راپۆرتێک داوەتە هەموو وەزیرەکان ئەو کاتە، بەڵام بە قسەیان نەکراوە. ئەو گوتیشی: "کاتێک بۆ بەشداری خولێک دەچینە دەرەوەی وڵات کە دەگەڕێینەوە هیچ کەسێک لێمان ناپرسێتەوە چی نوێ بۆ ئەم وڵاتە فێربوون."
ئەو گلەیی لە کارەکانی وەزارەتی پلاندانانیش هەیە کە وەکو پێویست کاری خۆیان ناکەن و گوتی: "ئەبێت وەزارەتی پلاندان و دەستەی وەبەرهێنان، بەردەوام پلانیان هەبێت لە چ بوارێکدا ئێمە کەمیمان هەیە پڕبکەنەوە".
شوان باتاسی، لەوەش نیگەران بوو کە ژمارەیەکی زۆری کارگە لە کوردساندا داخراوە و گوتیشی: "لە هەولێر کارگەی قوماشمان هەبوو کێبڕکێی لەگەڵ قوماشی بەریتانی دەکرد، کەچی داخرا".
'لەجیاتی پەیمانگا کارگە بکەنەوە'
لە بەرنامەکەدا بەشێک لە قوتابیانی پەیمانگایەکی پیشەیی بەشداربوون؛ ئەوانیش بە کۆمەڵێک پرسیار و سەرنج گفتوگۆکەیان دەوڵەمەندتر کرد. بەشێوەیەکی گشتی قوتابییەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان خوێندنی پیشەیی پشتگوێ خراوە.
قوتابییەک گوتی: "ئەگەر هەلی کارمان دەست نەکەوێت ئەو هەموو پەیمانگا پیشەیانەمان بۆ چییە؟" دواتر قوتابییەک پێشنیازی ئەوەی کرد لە جیاتی ئەو هەموو پەیمانگا پیشەییە بێ بەرهەمە بۆچی کارگەی بەرهەمدار ناکرێتەوە. ئەو قوتابییە گوتی: "لە جیاتی کردنەوەی پەیمانگای پیشەیی پێویستە سەرمایەداران کارگە بکەنەوە".
بەشێکی دیکەی قوتابیان لەوە نیگەران بوون کە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان داوای ئەوەیان لێدەکەن زمانێکی دیکە بزانن بەتایبەت عەرەبی و ئینگلیزی. هەروەک قوتابییەک گوتی: "چەندین کۆمپانیا هەیە دەڵێن خۆمان فێری کارت دەکەین، بەڵام دەبێت زمان بزانی".