ئاگرێکی گەورە لە نزیک دەریاچەی زرێبار کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگرێکی گەورە لە قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە و تائێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
سمکۆ عەزیزی، ژینگەپارێز لە مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئاگرەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار کەوتووەتەوە و رووبەڕیکی فراوانی دەورووبەری سووتاون.
بە گوتەی سمکۆ عەزیزی، ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
عەزیزی گوتی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی قامیشەڵانەکە، دووکەڵێکی زۆر بە ئاسمانی ناوچەکە، شاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری گرتووەتەوە و کێشە بۆ هەناسەدانی خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.