رێکخراوێک لە هەرێمی کوردستان هاوکاریی دەگەیێنێتە رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری دەڵێت، هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە ژمارەیەک خێزان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێویستیان بە خۆراک و پێداویستیی رۆژانە بووە.
حاجی کاروان، سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وێڕای جەنگ و ئاڵۆزی، توانیویانە دەستی هاوکاری بگەیێننە ئەو خێزانانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییان بە هاوکارییە.
حاجی کاروان گوتی: "هاوکاریمان گەیاندووەتە شاری پیرانشار و دەوروبەری، مەریوان و دەوروبەری و شاری مهاباد، ئەویش سەبەتەی خۆراک بووە، کە ئەمڕۆ لەو ناوچانە خۆراک نرخی زۆر بەرز بووەتەوە".
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 30 ملیۆن دینار سەبەتەی خۆراکیان لەو شارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دابەش کردووە.
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، نرخی بەشێکی خۆراک وپێداویستییەکانی رۆژانە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرز بوونەتەوە.