بکوژی مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لە دیالە دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی دیالە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدینی کوشت. پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت، د. دلێر کوژراوە و تەرمەکەی و ماڵەکەشی سوتێندراوە.
 
عەمید هەیسەم سەلمان شەممەری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تۆمەتباری بکوژی د. دلێر ساڵح حەسەن، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین-مان دەستگیرکرد."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبارەکە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی دووشەممە، 16-03-2026، لە بازگەی "مورادیە" لە سنووری پارێزگای دیالە دەستگیرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیداوە لە دەستی یاسا رابکات و بەرەو شاری بەغدا بڕوات.
 
تۆمەتبارەکە لە فەرماندەیی پۆلیسی دیالە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵدا دەستپێکردووە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، رادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکرێت بۆ ئەوەی سزای یاسایی وەربگرێت.
 
ئەمڕۆ، تەرمی د. دلێر ساڵح حەسەن، یاریدەدەری راگری کۆلێژی کۆمپیوتەر و ئینفۆرماتیک لە زانکۆی سەلاحەدین بە سووتاوی لە ماڵی دایکیدا لە گەڕەکی ئاری–شۆڕش لە شاری هەولێر دۆزرایەوە. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری رووداو لە کەسوکارییەوە وەریگرتووە، د. دلێر تەمەنی 55 ساڵە و باوکی دوو کچە. لە گەڕەکی مامۆستایان دەژیا، بەڵام ئەمڕۆ چووبووە ماڵی دایکی.
 
پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە، د. دلێر ساڵح کوژراوە و تەرمەکەی و ماڵەکەشی سوتێندراوە. بۆیە هەر زوو توانییان ناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن بە ناوی (ز. ع. ح. ع)، کە خەڵکی دیالە و لەدایکبووی (2005)ـە.
 
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، تۆمەتبار دوای کوشتی د. دلێر، ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە و کاژێر (12:39) هەولێری جێهێشتووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە: "دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ بەتایبەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووک و دیالە، کاتژمێر (5:30) خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ تۆمەتبار لە بازگەی (خان بەنی سەعد) لە دیالە بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەوە دەستگیر کرا. دواتریش هەماهەنگی کرا بۆ ئەوەی تۆمەتباری بکوژ بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان رادەستی دادگە بکرێت".