لە دوو کاژێردا چوار درۆن ئاراستەی هەولێر کران


رووداو دیجیتاڵ

ئەم شەو بە چوار درۆن سەنتەری شاری هەولێر بۆردوومان کرا، یەکێک لە درۆنەکان لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکی سەر بە وەزارەتی بارزگانی کەوتە خوارەوە.
 
درۆنەکان لە کاژێر 07:00ـی ئێوارە بۆ نزیک کاژێر 09:00ـی شەوی دووشەممە ئاراستە کراون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سێ لە درۆنەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە.
 
یەکێک لە درۆنەکان لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی هەولێر لە گەڕەکی ئازادی کەوتە خوارەوە، بەگوێرەی زانیاری سەرەتایی، زیانی گیانی نەبووە.

 

 
 
هەر ئەمڕۆ درۆنێک لە نزیک چیای کۆڕەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "درۆنەکەی نزیک کۆڕەک دووربوو لە دانیشتووانی گوندێکی ناوچەکە و زیانی گیانی نەبووە".
 
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران لە 28ـی شوبات تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 320 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.