سەرۆک بارزانی: هێشتا لە عێراق دا کەسانی شۆڤێنی هەن دژی مافەکانی گەلی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەرباری ئەو تاوانە دڕندانەیە، هێشتا لە عێراق دا کەسانی شۆڤێنی هەن دژی مافەکانی گەلی کوردستانن."
رۆژی دووشەممە 16ی ئاداری 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی لە 38ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە.
سەرۆک بارزانی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە "زوڵمێکی زۆر گەورە" لە دژی خەڵکی کوردستان ناودەبات و دەڵێت، "لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە دەوڵەتێک هاووڵاتییانی خۆی بە چەکی کیمیایی جینۆساید بکات، بەڵام لەناو عێراق دا ئەو تاوانە گەورەیە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراوە."
هاوکات سەرۆک بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و یاسایی سەر شانی عێراقە و دەبێت قەرەبووی قوربانییانی ئەو تاوانە بکاتەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە:
تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە زوڵمێکی زۆر گەورە بوو لە دژی خەڵکی کوردستان، لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە دەوڵەتێک هاووڵاتییانی خۆی بە چەکی کیمیایی جینۆساید بکات، بەڵام لەناو عێراق دا ئەو تاوانە گەورەیە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراوە.
سەرباری ئەو تاوانە دڕندانەیە، هێشتا لە عێراق دا کەسانی شۆڤێنی هەن دژی مافەکانی گەلی کوردستانن. تاوانی هەڵەبجە و سەرجەم تاوانەکانی رابردوو، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و یاسایی سەر شانی عێراقە و دەبێت قەرەبووی گەلی کوردستان بکات.
لەو یادەدا سڵاو بۆ رۆحی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرین.