گەنجێکی قامشلۆ ساڵێک و دوو مانگە لە گرێ سپی بێ سەروشوێنە و کەسوکاری داوای هاوکاری دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کە نیشتەجێی شاری دهۆکن، داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکەیان دەکەن. گەنجەکە ناوی (مەسعود محەممەد عەلوان)ـە و تەمەنی 22 ساڵە، زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن تورکیاوە رادەستی گروپە چەکدارەکانی سووریای ئازاد لە گرێ سپی کراوە و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە.
 
حەسەن رەمەزان مەلا، برای مەسعود کە پێشمەرگەیە و لە دهۆک دەژی، چیرۆکی بێسەروشوێنبوونی براکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە. مەسعود لە تەمەنی 14 ساڵیدا و لە ساڵی 2012 لە گەڕەکی هلێلیی قامشلۆ لەلایەن "جوانی شۆڕشگێڕ"ەوە دەڕفێنرێت و هەشت مانگ لەلای ئەوان دەبێت، بەڵام دواتر خێزانەکەی دەتوانن بیگەڕێننەوە و بەهۆی نەبوونی رێگەی هاتن بۆ باشووری کوردستان، لەگەڵ دایکی دەچنە باکووری کوردستان و لە شارۆچکەی قزڵتەپە نیشتەجێ دەبن.
 
دەستگیرکردن و دیپۆرتکردن بۆ گرێ سپی
 
بەگوتەی کەسوکارەکەی، مەسعود لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی ئەوەی پێشتر لەناو "جوانی شۆڕشگێڕ" بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە سێ مانگ زیندانی دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێت. بەڵام ساڵێک و دوو مانگ پێش ئێستا، جارێکی دیکە لەگەڵ 15 کەسی دیکە دەستگیر دەکرێتەوە. عائیشە یەعقوب، دایکی مەسعود، دەڵێت: "دوای دەستگیرکردنی، پێیان گوتین کە کوڕەکەتان دیپۆرتی گرێ سپی کراوە و رادەستی پۆلیسی سەربازیی ئەو شارە کراوە."
 
داواکردنی پارە لەبەرانبەر هەواڵێک
 
حەسەن رەمەزان ئاماژە بەوە دەکات کە 10 مانگ پێش ئێستا، کەسانێک لە پۆلیسی سەربازیی گرێ سپی پەیوەندییان بە دایکیەوە کردووە و گوتوویانە مەسعود لای ئەوانە. دایکی مەسعود لە رێگەی کەسێکەوە بڕی 300 دۆلاری بۆ ناردوون تەنیا بۆ ئەوەی چەند خولەکێک قسەی لەگەڵ بکات، بەڵام چەکدارەکان پێیان گوتووە: "نیوەی پارەکە دەدەین بە کوڕەکەت و نیوەکەی دیکە بۆ خۆمان دەبێت"، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەیان نەداوە قسە لەگەڵ کوڕەکەی بکات.
 
دایکی مەسعود کە تەمەنی 62 ساڵە، تەنیا یەک داواکاریی هەیە و دەڵێت: "تەنیا دەمەوێت بزانم کوڕەکەم زیندووە و لەکوێیە؟" داواکارم هەرکەسێک سۆراخی دەزانێت ئاگادارمان بکاتەوە لە چارەنووسی کوڕەکەم.