رێبەر ئەحمەد لە بارەی کەرکووکەوە: هەر رێککەوتنێک لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکەی هۆتێل رەشید بێت رەتیدەکەینەوە



رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان بەشێک نین لەم شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە و رێگەیان نەداوە هەرێمی کوردستان دژی ئێران بەکاربهێندرێت. لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیشەوە دەڵێت، رێککەوتنی 'هۆتێل رەشید' رەتدەکەنەوە و بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەن لەسەر ئەو بنەمایە بێت.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە هەڵوێستێکی نەگۆڕمان هەیە و رامانگەیاندووە نە بەشێکین لەم شەڕە و نە دەشبینە بەشێک لێی. نە پێشتر و نە ئێستاش هیچ هەوڵێک بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی سەر سنوورەکان لەگەڵ ئێران لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نەکراوە."
 
وەزیری ناوخۆ گوتی: "رێگەمان نەداوە هیچ کەس و لایەنێک کوردستان بەکاربهێنێت بۆ دژایەتیکردن و لێدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام جێگەی داخە لە هەموو لایەکەوە، لە ناوخۆی عێراق و ئەوبەری سنوورەکانەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و ئارامی و سەقامگیریی خەڵكی کوردستان دەکرێتە ئامانج، ئەمە جێگەی قبووڵ نییە و پێویستە ئەم هێرشانە رابگیرێن، چونکە ئێمە بەشێک نین لە شەڕەکە و هەڕەشەش نەبووین بۆ سەر هیچ لایەنێک."
 
رێبەر ئەحمەد باسی لە پرسی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک کرد و گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی، ئومێدی وابوو ئیدارەیەکی شەرعی بەپێی خواستی خەڵکی کەرکووک دروستبکرێت.
 
وەزیری ناوخۆ گوتی: "زوو لیژنەیەکی دانوستاندنکارمان پێکهێنا و چەند کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرا. لە سەروبەندی ئەوەدا بووین لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەموو لایەنە براوەکان هەڵبژاردن (کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحییەکان) دروست ببێت و خەریک بوو بگەینە ئەنجام، بەڵام لەپڕ زانیمان چەند گرووپ و لایەنێک سەفقەیەکیان لە هۆتێل رەشید کرد."
 
لەبارەی هەڵوێستی پارتییەوە، رێبەر ئەحمەد دەڵێت: "ئێمە هەڵوێستمان روونە؛ هەر رێککەوتنێک بەدەر بێت لە شەرعییەت و ئیرادەی خەڵکی کەرکووک لای ئێمە پەسەند نییە. هەر رێککەوتنێک لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکەی هۆتێل رەشید بێت، ئەنجامەکانی رەتدەکەینەوە و بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین کە لەسەر ئەو بنەمایە دروست کرابێت."
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
بڕیارە یەکێتی پۆستی پاریزگاری کەرکووک بداتە بەرەی تورکمان. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لای پارتی کێشەکە کێشەی کەس نییە، بەڵکو کێشەی بنەمایە و دەڵێت: "گرنگ نییە کێ پارێزگارە و کێ دەبێتە پارێزگار، گرنگ ئەوەیە ئەو ئیدارەیەی دروست دەبێت نوێنەرایەتیی ئیرادەی دەنگدەری کەرکووک بکات. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو بنەمایەیە کە ئیدارەی لەسەر دروستکراوە کە سەفقە بوو.."
 
وەزیری ناوخۆ لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا باسی لە پرسی "کۆدەنگی" کرد و گوتی، ئەوان دەیانتوانی زۆرینە دروست بکەن، بەڵام نەیانکردووە چونکە کۆدەنگیان دەوێت و لەوبارەیەوە گوتی: "سەرەتا بۆ یەکدەنگی، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی کەرکووک (لە عەرەب و تورکمان) لەگەڵ ئێمە بوون وەک پارتی دیموکراتی کوردستان. چەندین دەرفەت هەبوو کۆبوونەوە بکەین و زۆرینە فەرز بکەین، بەڵام رێنمایی جەنابی سەرۆک [مەسعود بارزانی] ئەوە بوو کە پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە ئیدارەی کەرکووک بکەین، بۆیە سوودمان لەو دەرفەتە وەرنەگرت. بەڵام ئەوان تەنیا یەکجار توانیان زۆرینە دروست بکەن، ئەویش بە پاڵپشتیی کەسانی دیکە لە هۆتێل رەشید دانیشتن و زۆرینەیەکی ناشەرعییان بەسەر خەڵکی کەرکووکدا فەرز کرد."