ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی: بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین


رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک کێشەی تێکەوت، ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشمانیی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکات و گوتی" ئەمڕۆ کۆبوونەوە بکرێت و نەکرێت، ئێمە ئامادەی کۆبوونەوەکە نابین، ئێمەش ئامادەنەبین رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێت".
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر ئەو پرسە، کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی  لە سلێمانی کۆدەبێتەوە، لە ژێر رۆشنیایی ئەنجامی کۆبوونەوە بڕیاری پێویست دەدرێت. گوتیشی "تاوەکو ئێستا رێبوار تەها، دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پێشکێش نەکردووە و لە پۆستەکەی بەردەوامە". 
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە فەرمی رایگەیاند، بایکۆتی کۆبوونەوەی دەکات و گوتی "ئامادە نین ببینە بەشێک لە بڕیاردان لە ژوورە تاریکەکاندا."
 
محەممەد ئیراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوێنێ نووسراوی بانگهێشتنامەی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەن کردوو، تێیدا هاتووە: "پاڵپشت بە مادەی 11/چوارەم و مادەی 38/ یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ساڵی 2015ی هەموارکراو، داواتان لێدەکەم بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ رۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بن".
 
بەپێی کارنامەی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دەست رووداو کەوتووە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە پرسی دەستبەرداربوونی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگار و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ وەک جێگرەوەی.
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێبوار تەها تاوەکو ئەم ساتە بە فەرمی پارێزگارە و بەردەوامە لە ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "رێبوار تەها پابەندی هەر بڕیارێکە کە لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگار درابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکردووە".
 
دوێنێ هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێبوار تەها دەست لە کار دەکێشێتەوە. هەروەها دەنگ دەدرێ بۆ ئەوەی محەممەد سەمعان ببێتە پارێزگاری نوێی کەرکووک. 
 
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوایین کۆبوونەوەدا یەکێتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر ئەوە رێککەوتوون لە بەرامبەر دەستهەڵگرتن لە پۆستی پارێزگار، ئەم پۆستانەی پێبدرێ: قایمقامی ناوەند، قایمقامی داقووق، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و جێگری پارێزگار.
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
لە 16 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی 5 کورسی و پارتی بە 2 کورسی هەیە، هەرچی کورسیی کریستیانەکانیشە بە نزیک و پاڵپشتی لە کورد دادەنرێت، عەرەب 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسییەکەی دیکەی هەیە. کۆبوونەوەی ئەنجوومەن پێویستی بە پەنجا کۆ یەکی ئەندامان هەیە، واتە 9 ئەندام.