لەدوای ئاگربەستەوە 16 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون
رووداو دیجیتاڵ
لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 719 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 94 کەسیش بریندارن. 16 لەو درۆن و مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، لە دوای ئاگربەست بووە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی ئاگربەست، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، تەنیا لە 48 کاژێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە 12 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، هەشتیان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و چواریان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەهۆی یەکێک لە هێرشەکانی سنووری سلێمانییەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی کوردستان شەهید و دوانی دیکەیان بریندار بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بۆ هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و ئاماری قوربانییەکان دەیکات، لە دوای ئاگربەستەوە لە 8ـی نیسانەوە هەرێمی کوردستان بە 16 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، زۆرینەی هێرشەکان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان و کەمپی کەسوکارەکانیانی کردووەتەوە ئامانج.
نوێترین ئەو هێرشانەی لە دوای ئاگربەستەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان
- بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کەمپی پاکشار لە سنووری هەولێر، کە کەسوکاری پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)یان تێدایە. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، جگە لە زیانی مادی زیانی گیانییان نەبووە.
- نزیک کاژێر 12:15ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بارەگایەکی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر. بەرپرسێک لەو حیزبەی بۆردوومان کرابوو بە رووداوی گوت، زیانی گیانییان نەبووە.
- کاژێر 12:10ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، "بە مووشەک" هێرشێک کرایە سەر یەکێک لە بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە زرگوێزەڵەی سلێمانی. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "زیانی گیانی نەبووە".
- کاژێر 02:16ـی دوای نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ناحیەی دێگەڵە لە سنووری هەولێر، کە کەسوکاری یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدان.
- بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سێشەممە 14ـی نیسان، کاژێر 05:15ـی ئێوارە هێرشێکی درۆنی کراوەتەسەر کەمپێکی پەنابەران لە کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- کاژێر 05:15ـی ئێوارەی سێشەممە، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون و کەسێکیش دوای برینداربوونی بە سەختی،گیانی لەدەستدا.
- وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سێشەممە 14ـی نیسان لە چەند کاتێکی جیاوازدا، بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان.
- هەر دوای هیرشەکان و لە 8 بۆ 10ـی نیسان، چوار هێرشی دیکە کرایە سەر سنووری پارێزگای هەولێر و لانیکەم چوار درۆنیان تێدا بەکارهیندرابوو.
نوێترین ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 572 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی 119 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
قوربانیی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 94 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، دووانیان هاوژینی یەکبوون و لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ حەوتیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و سێیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: دۆڵی ئالانە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، چیای گوڵان، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.