لە موسڵ سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە و رووفاتی پێشمەرگەشیان تێدایە

رووداو دیجیتاڵ

سێ گۆڕی بەکۆمەڵی نوێ لە بەری راستی شاری موسڵ هەڵدەدەرێنەوە، رووفاتی پێشمەرگە و کەسانی سڤیلیان تێدایە.  

پڕۆسەکە بە هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی خۆجێیی نەینەوا، دادپزیشکیی دادوەریی هەرێمی کوردستان و عێراق و رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان (ICMP) بەڕێوەدەچێت. 
 
دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی هەولێر لە شوێنی گۆڕەکان بە مستەفا گۆران پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، گۆڕەکان بریتین لە (هەڕاماتی یەک، هەڕاماتی دوو و مەشرەفی. لە دوو گۆڕدا رووفاتی 24 کەس دۆزراونەتەوە یەکێکیان 10 کەس و ئەوی دیکەیان 14 کەس، پڕۆسەی پشکنین لە گۆڕی سێیەمیش بەردەوامە.
 
بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی هەولێر روونیکردەوە، هەندێک لە رووفاتەکان جلی سەربازییان لەبەرە و چاویان بە جامانەی سوور بەستراوەتەوە و دەستیان لە دواوە کۆتکراوە؛ نیشانەکانی گوللـە بە سەریانەوە دیارە کە ئاماژەیە بۆ لەسێدارەدانیان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2015.
 
دکتۆر یاسین کەریم ئاماژەی بەوەکرد، نموونەی ئێسک (سەمپڵ) لە رووفاتەکان وەردەگیرێت بۆ پشکنینی DNA، چونکە 105 خێزانی پێشمەرگە و کەسانی بێسەروشوێن چاوەڕێی چارەنووسی ئازیزانیان دەکەن.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، کە بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکات، بە رووداوی گوت "بەدڵنیاییەوە رووفاتی پێشمەرگە لەنێو گۆڕەکاندا هەن" و بەڵێنی دا دوای تەواوبوونی رێکارەکان، رووفاتەکان بە شێوەیەکی فەرمی و شایستە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
 
هەر لەوبارەوە، فەواز عەبد عەباس، جێگری سەرۆکی نێردەی عێراق لە لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ونبووەکان بە رووداوی گوت، پلانێکی سێ هەفتەیی بۆ هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕەکان دانراوە و ئەگەر پێویست بکات کاتەکەی درێژ دەکرێتەوە تاوەکو هەموو رووفاتەکان دەردەهێنرێن.