لە هەولێر و دهۆک هۆڵەکانی بۆنە و ئاهەنگگێڕان دەکرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و دهۆک رایانگەیاند، بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنوێنییە تەندروستییەکان، هۆڵەکانی بۆنە و ئاهەنگگێڕان دەکرێنەوە.
 
لە راگەیێندراوێکی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووە "لە رۆژی دووشەممە 17-05-2021ـەوە، سەرجەم  هۆڵەکانى بۆنە و ئاهەنگگێڕان، بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەکرێنەوە، بۆیە داوا لە خاوەن هۆڵ و هاووڵاتییان دەکەین، لەکاتی بۆنە و ئاهەنگە خێزانییەکان رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن، بەتایبەتی بەستنی دەمامک".
 
هەروەها ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە "وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، لە رابردوو و ئێستاشدا هەر بڕیار و رێکارێک گیرابێتەبەر، لەپێناو سەلامەتیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان بووە، لەم دۆخەی ئێستاشدا بەرپرسیارێتیی گەورە لەسەر شانی خودی هاووڵاتییان خۆیانە، لەبەرئەوەی تاکپارێزی لەو بارودۆخەدا هۆکاری سەرەکیی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییە لە شارەکەمان".
 
پێشتر ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دھۆکیش بڕیاریدا بە کردنەوەی ھۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان بەپێی رێنماییە خۆپارێزییەکان و رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی تەندروستی، پاراستنی دووریی نێوان مێزەکان و کۆنترۆڵکردنی ژمارەی بەشداربووان رێگە بە کردنەوەی ھۆڵی بۆنە و ئاهەنگگیڕان دەدرێت.
 
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک دەڵێت، ھەر خاوەن ھۆڵێک رێنوێنییەکان جێبەجێ نەکات، بەپێی بڕیارەکانی پێشوو سزا دەدرێت.