باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانە لە زیادبوونی رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-05-2022 ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر کۆبووەوە. لە کۆبووەنەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و چەندین پرسی دیکە تاوتوێکران.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کرا سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و لەو بارەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەکرێت هەر ئەم بڕیارە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.
هەروەها جێگری سەرۆکوەزیران ستایشی هەوڵەکانی ماتیو تولەری کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا. بەپێی راگەیێندراوەکە، باڵیۆزی ئەمریکاش ستایشی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی کرد کە جدییە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران لە هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو تاوتوێکرا و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە هەوڵی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکان بدرێت.
لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێککەوتنێکی نیشتمانی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بە جۆرێک کە رێککەوتنەکە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک نەبێت و پێویستیشە هەموو لایەنەکان ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو لایەنە کوردستانییەکانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کلیلی چارەسەری ناکۆکییەکان لەوەدایە لایەنەکان بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە.