کچە کوردێکی چوار ساڵ لە داغستان لە دایک و باوکی جیادەکرێتەوە و دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
رووداو - رانیە
مینای تەمەن چوار ساڵان لە داغستان لەلایەن مامیەوە وەرگیرایەوە، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی دایک و باوکی کە هەوڵیانداوە بەشێوەی قاچاخ لەوێوە بچنە وڵاتانی ئەوروپا. مینا بەهۆی بچووکیی تەمەنیەوە نەخراوەتە زیندان، لە دایک و باوکی جیاکراوەتەوە و براوەتە دایەنگەیەک، دوای شەش مانگ بە تەنیا دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
دوای 10 رۆژ لە نەبوونی هیچ سۆراغێکیان، دواجار بە وەتسئەپ پەیوەندی بە مامی میناوە کراوە و پێی گوتراوە، مینا لای ئەوانە و پارێزراوە.
عەبدولواحید عوسمان، مامی مینا دەڵێت، "چوونەتە ئێران، لەوێوە بۆ ئازەربایجان و لەوێشەوە بۆ سنووری رووسیا. قاچاخچی فێڵی لێکردوون، گوتوویەتی بە ڤیزا دەتانبەم، بەڵام لە داغستان دەستگیر کراون، هەر لەوێ مینا لە دایک و باوکی جیادەکەنەوە."
لەو دایەنگەیەی مینای لێ دادەنرێت، هیچ کوردێکی لێ نابێت، مینا ئێستا زمانی کوردیی لەبیرچووەتەوە و تەنیا لە زمانی رووسی تێدەگات؛ کەسوکارەکەی خەریکن فێری کوردیی دەکەنەوە.
مەحبووبە هەمزە، داپیرەی مینا داوا لە هەموو کاربەدەستان دەکات دایک و باوکی مینا بگەڕێننەوە کوردستان و دەڵێت، "شەش مانگە نەیانبینیوە، مامی چووە بە هەوڵی خۆی هێناویەتیەوە."
شەش مانگ لەمەوپێش دایک و باوکی دەستی مینا دەگرن و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا رانیە جێدەهێڵن، بەڵام دوای بڕینی هەزاران کیلۆمەتر لە هەرێمی داغستان لە رووسیا دەستگیر دەکرێن و مینا لە باوەشی دایک و باوکی جیادەکرێتەوە و زیندانی دەکرێن؛ میناش لە دایەنگەیەکدا دەهێڵدرێتەوە، دوای شەش مانگ و شەش رۆژ، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15-05-2023 مینا لە رێگەی مامیەوە بە تەنیا دەهێندرێتەوە کوردستان.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت، تەنیا پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 80 کۆچبەر لە رێگەی رێکخراوەکەیانەوە ئاسانکاریی گەڕانەوەیان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا باس لەوە دەکات، "دەکرێت فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ ئازادکردنی ئەو خێزانە و دەیان خێزان و گەنجی دیکە کە لە زیندانەکانی هەرێمی داغستان و سربیا و یۆنان و بیلاڕووس دەستگیر کراون."
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە کۆتایی ساڵی 2022 و سەرەتای 2023دا 19200 کەس لە هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیەش 2300 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوون و 7 کەسیش لەوانە گیانیان لەدەستداوە.