سێیەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سێیەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، کێشەی نەبوونی رۆنی شل چارەسەر کراوە و ئەو مانگانەشی نەدراوە دابەش دەکرێت.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فەرمانی دابەشکردنی سێیەم بەشەخۆراکی ئەمساڵمان پێدراوە و لە نزیکترین کاتدا دابەشی دەکەین".
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی: "خواردنی پێویست بەردەستە، برنج کەم بوو دوێنی 16 بارهەڵگرمان پێگەیشتووە و هاتنیشی بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەم مانگە رۆنی شلیش دابەش دەکرێت".
لە دابەشکردنی بەشی یەکەمی خۆراکی ئەمساڵدا کەمتر لە نیوەی هاونیشتمانییان رۆنی شلیان وەرگرت و لە بەشی دووەمیشدا هاتنی رۆن دواکەوت. کامەران فەتاح دەڵێت: "بەرهەمهێنانی رۆن دەستیپێکردووەتەوە و ئەو مانگانەشی دابەش نەکراوە دابەش دەکرێت و بەشی کەس نافەوتێت".
بڕیارە لە بەشی سێیەمی خۆراکی ئەمساڵدا ئەمانە دابەش بکرێن: رۆنی شل، شەکر، برنج، نیسک، لەتکەنۆک و دۆشاوی تەماتە.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنی دابەشکردنی بەشەخۆراکی دووەمی ئەمساڵ تەواو بوو لەنێو شاردا، لە دەوروبەری هەولێر رۆنی شل بە تەواوی دابەش نەکراوە، بەڵام دابەشکردنی بەردەوامە".
لەبارەی سێیەم بەشەخۆراکی ئەمساڵیشەوە دلێر عەبدولواحید گوتی: "دابەشکردن دەستیپێکردووە و برنجمان دابەشکردووە، هەفتەی داهاتوو پاقلەمەنییەکان و رۆنی شلیش دەدرێتە بریکارەکان".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "رۆن چونکە پێشتر دواکەوتووە و ئێستا کاتی دەوێت تاوەکو قەرەبووی هەمووی بکرێتەوە، بەڵام هاتنی رۆن و دابەشکردنی بەردەوامە و کێشەی نەهاتن نەماوە".
ساڵی رابردوو لە 12 مانگدا تەنیا 10 بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشکرا.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.