هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە: هەنگاوی گرنگن
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ژنان رۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی چارەسەریدا هەیە؛ بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکەش بە قۆناخێکی گرنگ بۆ پرۆسەی چارەسەر ناودەبات.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی (دەم پارتی) رۆژی هەینی 16ی ئایاری 2025 لە کۆنگرەی هاوپەیمانیی دیموکراسیی ژنانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا (نادا) کە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێشکرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لە گرنگیی رۆڵی ژنان لە پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "هەر گفتوگۆ و دانوستاندنێک بۆ راگرتنی شەڕ کرابێت و ژنان تێیاندا بەشدار نەبووبن، شکستی هێناوە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی بڕیارەکانی پەکەکەی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە ''هەنگاوێکی گرنگ'' بۆ پرۆسەی چارەسەری ناوبرد، باسی لەوەش کرد، "ئەم پێشهاتانە نەوەک تەنیا تورکیا، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر عێراق، ئێران و سووریاش دەبێت."
رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند کە لە 5 - 7ی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
هاوسەرۆکی ئەو پارتەکە گوتیشی، "بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، رۆڵیان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسی و ئاشتییانە دەبێت، کە یەکێکە لە برینە ساڕێژنەکراوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."