یەکەم کاروانی زیارەتکارانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمی حەج، لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەوە بەرەو سعودیە بە رێگەی وشکانی بەڕێکەوتن.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ حاجییانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەڕێکەوتن و سبەی زیارەتکارانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەڕێدەکەون".
 
ئەو زیارەتکارانەی ئەمڕۆ بەڕێکەوتن ئەمشەو دەگەنە شاری کەربەلا، سبەی کاژێر 06:00ـی بەیانی بەڕێدەکەون و بۆ ئێوارەکەی دەگەنە خاکی وڵاتی سعودیە، شەو پشوو دەدەن و یەکشەممە دەگەنە شاری مەدینە.
 
کاروان ستوونی دەشڵێت: "هەموو ئامادەکارییەک بۆ کاروانی وشکانیی زیارەتکاران تەواو کراوە، لە رێگەدا شوێنی حەوانە و خواردنیان بۆ ئامادەکراوە و لەکاتی گەیشتنیشدا شاندێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی حەج پێشوازییان لێدەکەن و دەیانگەیێننە شوێنی مانەوەیان لە هۆتێل".
 
سبەی لە رێوڕەسمێکدا و کاژێر 07:00ـی بەیانی، کاروانی زیارەتکارانی سنووری هەولێر لە بەردەم مزگەوتی سەردار سۆفی سەعیدەوە بەرەو وڵاتی سعودیە گەشتەکەیان دەستپێدەکەن.
 
ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە، ئەم ساڵ ژمارەیان هەزار و 646 هاونیشتمانییە. 
 
لەبارەی گەشتی ئاسمانیشەوە، کاروان ستوونی گوتی: "دووشەممە 19ـی ئەم مانگە لە هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتی چوون بۆ حەج دەستپێدەکات".
 
ئەوانەشی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە، ژمارەیان سێ هەزار و 490 کەسە.
 
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیادکراوە. ساڵی رابردوو چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.