لە رووداوێکدا دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی هەولێر و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کەسێک دەکەوێتە نێو تانکییەکی سووتەمەنییەوە و گیانلەدەستدەدات، دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ دەرهێنانی تەرمەکە دەچنە نێو تانکییەکەوە، بەڵام هەردووکیان گیان لەدەستدەدەن.
رووداوەکە بەرەبەیانی هەینی لە بەنزینخانەی کۆچەر لە ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر کە بەشی دواوەی پاڵاوگەیەکی نایاساییە روویداوە.
ئەفسەرێکی باڵای بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کارمەندەکە دوو لە بە ئەزموونترین و چالاکترین کارمەندەکانمان بوون، بە کاریگەری پاشماوەی بۆنی تانکییەکە گیانیان لەدەستداوە."
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، رووداوەکە کاژێر 1:00ـی شەو بووە. هاووڵاتییەکە عەرەبە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی دەربهێندرێت.
بەگوێرەی کەسوکاری، ئەو گەنجەی خنکاوە ناوی عەبدوڵڵا رسلان هاشمە و تەمەنی 25 ساڵە. عەبدوڵڵا خێزاندار بووە و باوکی منداڵێک بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە کەوتووەتە نێو تانکییەکە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانی هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەی داوە، بەڵام بەهۆی بۆنی گازەوە بێهۆش کەوتووە. دواتر، کارمەندێکی دیکەی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنی هاوڕێکەی داوە، بەڵام ئەویش بێهۆش کەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.