راپرسییەک لە باکووری کوردستان: پرسی ئابووری کێشەی سەرەکییە نەک پرسی کورد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامی راپرسییەکی نوێ لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان دەریدەخات، رێژەی بایکۆت و دوودڵیی دەنگدەران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ هەروەها زۆرینەی بەشداربووان پێیانوایە پرسی ئابووری لە پێشینەی کێشەکانی تورکیادایە.
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی (SAMER) راپرسییەکی لە نێوان 2 بۆ 5ی ئایاری 2026، لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان (ئامەد، روها، وان، ئێلیهـ، مێردین، شرنەخ، ئاگری، سەمسوور، مووش، سێرت، بەدلیس، جۆلەمێرگ، قەرس، چەولیگ، دێرسیم و ئیدر) کردووە، کە 1506 کەس بەشدار بوون.
 
ئابووری یان پرسی کورد؟
 
بەگوێرەی راپرسییەکە، 43%ی بەشداربووان پێیانوایە کێشەی هەرە سەرەکی و لەپێشینەی تورکیا "خراپیی دۆخی ئابوورییە"، لە کاتێکدا 27%ی بەشداربووان پرسی کوردیان بە کێشەی سەرەکی وڵاتەکە ناوبردووە.
 
سەبارەت پڕۆسەی ئاشتی، 47.5%ی بەشداربووان پێیانوایە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی "باش" بەڕێوە ناچێت، لە بەرامبەردا تەنیا 30%ی بەشداربووان گەشبینن بە پڕۆسەکە. هەروەها 62%ی خەڵک حکومەت بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانن بۆ پێشخستنی ئاشتی و داوای چاکسازیی دیموکراتی دەکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، 50٪ـی بەشداربووان پێیانوایە نەدانی "مافی ئومێد" بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێگرە لەبەردەم هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری، کە ئەو بابەتە پێشتر لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە خرابووە رۆژەڤ.
 
یەکێک لە دەرەنجامە سەرنجڕاکێشەکانی راپرسییەکە، هەڵوێستی دەنگدەرانە بەرامبەر هەڵبژاردن. لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر ئەم هەفتەیە هەڵبژاردن بکرێت دەنگ بە کێ دەدەن؟"، هەرچەندە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پلەی یەکەمدا ماوەتەوە، بەڵام 15.6%ی بەشداربووان گوتوویانە "دەنگ نادەین و بایکۆت دەکەین". و 15%ی بەشداربووان هێشتا "دوودڵن" لە بڕیاردان.
 
بەراورد بە راپرسییەکی هەمان دەزگا کە لە کانوونی دووەمی 2026 کراوە، دەنگی ئاکپارتی کەمی کردووە و لە بەرامبەردا رێژەی بایکۆت و دوودڵی بەرزبووەتەوە. دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات کە سستبوونی پڕۆسەی ئاشتی و نەبوونی چاکسازی، جۆرێک لە "ساردبوونی سیاسی" لە باکووری کوردستان دروست کردووە.