رۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان داوا دەکەن زمانی کوردی لە سووریادا بکرێتە فەرمی


رووداو دیجیتاڵ

رۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان داوا دەکەن زمانی کوردی لە دەستوور و دامەزراوەکانی سووریادا بکرێتە زمانێکی فەرمی، نەک تەنیا لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا بەکاربهێندرێ.
 
مونیر شێخی، گوتەبێژی کۆمەڵەی رۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان (HRRK) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر دۆخی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریای نوێدا.
 
شێخی رایگەیاند، هەرچەندە لە 10 بۆ 12 ساڵی رابردوودا زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی و کرداری لە قوتابخانەکانی رۆژئاوای کوردستان خوێندراوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و دامەزراوە کولتوورییەکان هەوڵ بدەن "ئەم زمانە لە سووریای مۆدێرندا بکەنە زمانێکی دەستووری و فەرمی."
 
شێخی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق دەیانەوێ زمانی کوردی تەنیا لە "چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی"دا بهێڵنەوە؛ هۆشداریشیدا کە ئەگەر زمانەکە بە فەرمی نەناسێنرێ، "پێگەی زمانەکە تەنیا لەنێو کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە و رەنگە لە داهاتوودا ببێتەهۆی توانەوەی."
 
گوتەبێژی کۆمەڵەی رۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "دوور نییە دوای ماوەیەکی کورت، هەر وەک چۆن ئێستا فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ رێگەپێدانی زمانەکە دەرچووە، فەرمانێکی دیکە دەربچێت و قەدەخەی بکات."
 
بۆ رێگریکردن لەمە، شێخی داوا دەکات حکومەتی سووریا بەشە بودجەیەک بۆ پێشخستن و لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردی تەرخان بکات، وەک ئەوەی بۆ زمانی عەرەبی دەکرێ، نەک تەنیا وەک بابەتێکی "بژاردە" سەیر بکرێت.
 
هەنگاوەکانی ناوخۆ
پێش ئەوەی داواکاری ئاراستەی دیمەشق بکرێ، شێخی داوا لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد، یەکێتیی رۆشنبیران و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات کە راگەیێندراوە فەرمییەکانیان بە زمانی کوردی بڵاوبکەنەوە، نەک تەنیا بە عەرەبی یان وەک زمانێکی لاوەکی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
 
سەبارەت بە پرۆگرامی خوێندن، شێخی رەخنەی لەو هەوڵانە گرت کە دەیانەوێ تەنیا پەرتووکەکانی حکومەتی دیمەشق وەربگێڕنە سەر زمانی کوردی و گوتی: "ئەگەر ئێمە مێژوو و بیری ئەوان (چ رژێمی فاشیزمی بەعسی پێشوو یان تووندڕۆکانی ئێستا) وەربگێڕینە نێو کۆمەڵگەکەی خۆمان، ئەوا کۆمەڵگەکەمان لە نێوەوە دەتوێنینەوە. دەبێت لێکۆڵەر و زمانناسانمان مێژوو، کولتوور و داستانەکانی ئەم گەلە بە تێگەیشتنێکی کوردی-کوردستانی ئامادە بکەن بۆ پەروەردەکردنی نەوەی نوێ."
 
بە گوتەی شێخی، پێش ساڵی 2011 هیچ دامەزراوەیەکی رۆشنبیریی فەرمی لە رۆژئاوای کوردستان نەبوو و چالاکییەکان بە نهێنی لە "ژێرزەوینەکان"دا دەکران. بەڵام دوای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 5 دامەزراوەی رۆشنبیری دامەزراون.
 
لە نیسانی رابردوودا، ئەم 5 دامەزراوەیە "دەستەیەکی هاوبەشی نووسەران و رۆشنبیرانی کورد"یان لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراند وەک چەترێکی گشتی. ئێستا هەوڵ دەدرێ هەموویان لەژێر یەک ناو و یەک لۆگۆی فەرمیدا یەکبگرن (بۆ نموونە، یەکێتیی نووسەرانی کورد لە سووریا) بۆ ئەوەی لە دیمەشق وەک یەک قەوارە بناسرێن.
 
مونیر شێخی باسی لەوە کرد کە کۆمەڵەی رۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان لە نێوخۆی وڵاتدا نزیکەی 100 بۆ 110 ئەندامی هەیە کە لە بوارەکانی میوزیک، شانۆ، وێنەکێشان، وێژە و هۆنراوەدا کار دەکەن. 
 
شێخی، رۆژی هەینی لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانەوە لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداودا بەشدار بوو کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد.