بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی: هیوامان هەیە پشکی گەنم زیاد بکرێ

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق هیوای بۆ زیادكردنی پشكی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان دروستکردەوە و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه‌.
 
رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ گۆڕینی حکومەتی عێراق و وەزیری کشتوکاڵ، ئێستا هیوا هەیە کە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران زیاد بکرێ. پێشتر زۆر هەوڵمان دا، بێسوود بوو، بەڵام لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا ئومێدێکی زۆرمان هەیە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لەوەکرد، لە کاتی دەرچوونی بڕیاری وەرگرتنی گەنمەوە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق لەسەر هێڵن، تاوەکو پشکی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقی لێبکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
 
هاوکات لەگەڵ هەوڵە حکومییەکان، پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا گوشارەکانیان دەستپێکردووە. نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "پەرلەمانتارانمان لە عێراق 100 واژۆیان کۆکردوونەتەوە تاوەکو بیدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی یان دانیشتنێکی تایبەت لەسەر زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بکرێت یانیش راستەوخۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران قسە بکەن."
 
وەرگرتنی گەنم لە مانگی داهاتوو دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "تاوەکو کاتی وەرگرتنی گەنم کاتمان لەبەردەمە و خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە کردووە. ئەگەر بڕیاری زیادکردنەکە بدرێ، ئێمە لە رووی رێکارەکانەوە بەتەواوی ئامادە دەبین."
 
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیی وەرگرتن و رادەستکردنی ئەرکەکاندا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عەلی فالح زەیدی وەک سەرۆکی حکومەتی نوێ دەستبەکاربوو. 14ـی ئەم مانگە لە دانیشتنێکی پەرلەمان کۆمەڵێک وەزیر متمانەیان پێدرا.
 
5ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرزی داهاتوو بە 400 هەزار تۆن جێگیر کرد. 292 هەزار تۆنی بە پارەی نێو پلان (700 هەزار) و 108 هەزار تۆنەکەی دیکە بە پارەی دەرەوەی پلان (500 هەزار) دەبێت.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو کە ئامارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەرگیراون، گەنمی ئەم ساڵ نزیکەی 2 ملیۆن تۆن دەبێت و بەو جۆرەش بەغدا بڕێکی زۆری وەرناگرێ.
 
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت. پاریش بڕیاری دا، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێ.