بۆ یەکەم جار گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەم جار گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەکرێ و گەشتی ئاسمانیی کەرکووک- ئیستەنبووڵ دەستپێدەکاتەوە.
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی 16 ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی کاژێر 8:45ی بەیانی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەستپێدەکاتەوە. هەفتانە چوار گەشتی دەبێت لە رۆژانی یەکشەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئاماژەی بەوەکرد، بۆ یەکەم جار رۆژی 23ی ئەم مانگە، گەشتی شەوانە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستپێدەکات،  هێڵی ئاسمانی عێراق هەفتانە سێ گەشتی شەوان دەبێت شەممە، سێشەممە و پێنجشەممە. بەم شێوەیە هەفتایە هەر 7 رۆژەکە هێڵەکە گەشتی ئاسمانی لە کەرکووکەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەبێت.
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە وەستانیان لە ئەنجامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێڵی ئاسمانی عێراق رۆژی یەکی ئایاری 2026 گەشتی ئاسمانیی نێوان کەرکووک و ئەنقەرەی دەستپێکردەوە. هێڵەکە هەفتانە سێ گەشتی بۆ ئەنقەرە هەیە، لە بەغدا دەفڕێ و دواتر دەچێتە کەرکووک و پاشان بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەوێ و بە پێچەوانەوە.
 
فڕۆکەخانەی کەرکووک، پێشتر وەک بنکەیەکی ئاسمانیی سەربازی بە ناوی "حوڕییە" بەکاردەهات، لە 16ی ئۆکتۆبەری 2022بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوەی ئەوکات بە فەرمی کرایەوە؛ یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی کەرکووک لە هەمان مانگی کردنەوەیدا بۆ تورکیا کرا.