لە سلێمانی دایکێک و چوار منداڵ بەهۆی تەقینی مۆبایلێکەوە سووتان

رووداو دیجیتاڵ
 
تەقینی پاتریی مۆبایلێک لە کاتی بارگاویکردن دا، ماڵی خێزانێکی ئاوارەی کۆبانێی لە کەمپی باریکە کردە خۆڵەمێش؛ دایکێک و سێ منداڵ زیاتر لە سەتا 50ـی جەستەیان سووتاوە و لەنێوان مان و نەمان دان.
 
لەنێوان هۆڵەکانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دا، یاسمین بە تەنیا لەبەردەم ئازارێکی گەورە دا وەستاوە. ئەو، کچە گەورەی خێزانێکی هەشت کەسیی ئاوارەی کۆبانێیە کە 12 ساڵە لە کەمپی باریکە دەژین. پێنج رۆژ لەمەوبەر، کاتێک هەموان لە شیرینیی خەو دا بوون، ماڵەکەیان گڕی گرت؛ یاسمین سووکترین برینی بەرکەوتووە، بەڵام ئێستا دەبێت چاودێریی جەستەی سووتاوی دایک و خوشک و براکانی بکات.
 
یاسمین بۆزان، کە یەکێکە لە بریندارەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مۆبایلمان لە شەحن دا لەگەڵ سبلێت ئیشێ ئەکرد ئیتی تەقی و ئاگر کەوتوە یەک تۆز خوشکەکەم باشە گەرنا ئەوانی دیکە وەزعیان باش نیە"
 
زەلیخا خانی دایک، تەمەن 38 ساڵ، سەتا 51ـی جەستەی سووتاوە. سێ لە منداڵەکانیشی کە تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 16 ساڵی دایە، سەرووی سەتا 50ـی جەستەیان ئاگر شێواندوویەتی. لەکاتێکدا لێرە لەژێر چاودێریی چڕ دان، کەسوکاریان تەنیا یەک داواکارییان هەیە؛ ناردنی بریندارەکان بۆ لای باوکیان لە وڵاتی هۆڵەندا، تاوەکو لەم دۆخە سەختە دا لە دەوری یەک کۆببنەوە.
 
مەحموود حوسێن، کەسوکاری بریندارەکان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "پێنج رۆژە یەکێکیان هیچ باش نەبووە بە ئامێر هەناسە دەدات و لێدانی دڵی135 بۆ 140 ـە."
 
شەوی 11ـی ئەم مانگە، تەنیا تەقینی پاتریی مۆبایلێک لە کاتی بارگاویکردن دا، هیوای 12 ساڵەی ئەم خێزانە نەدارەی کردە خۆڵەمێش؛ خێزانێک کە سەرچاوەی بژێوییان تەنیا کرێکاریی منداڵەکانیان بوو. ئەوانەی لە جەنگی کۆبانێ رایانکردبوو، ئێستا لە کەمپی باریکە، جەستەیان بەدەست ئازاری سووتانەوە دەتلێتەوە و چاوەڕێی دەستی هاوکارین.