خوێندنی باڵا: پارەی گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا لە داهاتی زانکۆکان دەدرێتەوە خوێندکار

 
رووداو دیجیتاڵ

پارەی گفتوگۆی نامەی ماستەر و دکتۆرا لەلایەن خوێندکارەکانەوە دەدرێ. بەرپرسێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێ، "دەبێ لە داهاتی زانکۆکان پارەی خوێندکاران بدرێتەوە."
 
چەند مامۆستایەکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، "نزیکەی ساڵێکە گفتوگۆی نامەی ماستەر و دکتۆرامان کردووە و خۆمان پارەی ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆمان داوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پارەکە نەگەڕێندراوەتەوە بۆمان."
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و رێنمایی دارایی هەیە کە دەبێ پارەی ئەو کەسانە بگەڕێندرێتەوە."
 
توانا نەجەف گوتی، "دەبێت پارەی خوێندکارەکان بەگوێرەی داهاتی بەردەستی زانکۆکە بدرێتەوە، بەڵام کە داهاتی پێویست لە زانکۆکە نەبێ، دوادەکەوێ".
 
لە هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی نامەی ماستەر سەرپەرشتیار نزیکەی 400 هەزار دیناری پێ دەدرێ، هەروەها سێ مامۆستا ئامادە دەبن، یەکێکی نێوخۆ 150 هەزار دینار و دووی دەرەوە یەکی 200 هەزار دینار وەردەگرن. بۆ نامەی دکتۆرا بڕی پارەکە و ژمارەی مامۆستاکان لە ماستەر زیاترن.