گەشتەکانی نێوان سلێمانی و ئیستەنبووڵ دەستیپێکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، گەشتەکانی نێوان سلێمانی و ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، کە رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تورکیا دەستپێدەکات، کە گەشتی سلێمانی – ئیستەنبوول – سلێمانی دەبێت".
 
لە 28ـی شوباتی 2026 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا و 10ی نیسان کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ گەشتی نێوان سلێمانی و ئیستەنبوول نەکرابوو.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، کاژێر 8:17ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە سلێمانییەوە گەیشتووەتە ئیستەنبووڵ و کاژێر 2:11 نیوەڕۆ بە گەشتی پێچەوانە گەیشتووەتەوە فڕۆکەخانەکە.
 
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانە، تاوەکو ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ سلێمانی دەستی پێ نەکردووەتەوە.
 
3ـی نیسانی 2023 تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخست. 09-10-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و داوای کرد، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکەی سلێمانی هەڵبگرێ و ئەویش رەزامەندی پیشاندا.